دوو کورد رۆبۆتێک دروست دەکەن: 'دەتوانێت کاری 100 رۆژنامەڤان بکات'


رووداو دیجیتاڵ

یەحیا چالی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی کۆمپانیای ئۆڤانیا و موراد بایرام بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای میدیایی بۆتان ئینتەرناشنەڵ کە خاوەنی پڕۆژەی رۆبۆتێکی میدیایین بەناوی رۆنی، لە ستۆدیۆکانی رووداوەوە باسیان لە وردەکاریی رۆبۆتەکە کرد و دەڵێن، رۆبۆتەکە دەتوانێت کاری 100 رۆژنامەڤان بکات.
 
یەحیا چالی کە میوانی هێڤیدار زانا بوو لە بووڵتەنی هەواڵەکانی باکووری کوردستان و تورکیا. لەبارەی چۆنیەتیی گەڵاڵەبوونی بیرۆکەکە گوتی، "رۆژێک لەگەڵ کاک موراد باسمان لە میدیای کوردی و هەوڵەکان بۆ پێشخستنی میدیای کوردی دەکرد. گوتمان چۆن دەتوانین سوود لە تەکنەلۆجیا وەربگرین بۆ ئەوەی لە میدیای کوردیدا هەنگاوێکی باش بنێین."
 
یەحیا و موراد سەرەنجام بیرۆکەی دروستکردنی رۆبۆتێکیان بۆ هاتووە. رۆبۆتەکە کە ناوی "رۆنی"یە بە گوتەی یەحیا چالی، دەتوانێت کاری 100 رۆژنامەڤان بکات و هەوڵ لە سەرچاوە جیاوازەکانی وەکو گاردیان، نیویۆرک تایمز و ماڵپەڕی دیکە وەربگرێت. هەروەها رۆنی لە توانایدایە هەواڵەکان ئامادە بکات و هەڵەکانیش راستبکاتەوە. هەروەها دەتوانێت ئەو هەواڵانە بۆ ئێدیتۆرەکان بنێرێت.
 
پێشکێشکارەکەی تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری ئەوەی لە موراد بایرام کرد کە ئایا رۆنی نابێتە هەڕەشە بۆ سەر رۆژنامەڤان و میدیاکاران، ئایا رۆبۆتی میدیاکار بێکاری دروستناکات لە کەرتی راگەیاندندا؟
 
موراد بایرام رەتیکردەوە مەبەستی ئەوان لە دروستکردنی رۆبۆتێکی لەمجۆرە، بێکارکردنی میدیاکاران بێت. هەروەها گوتی، بە پێچەوانەوە مەرامیان بەرەوپێشبردنی زیاتری راگەیاندنە. 
 
بایرام سەبارەت بە ناوی رۆبۆتی [رۆنی] باسی لەوە کرد، ناوەکەیان لە رووناهیی بەدرخانییەکانەوە وەرگرتووە و پێیانوایە هاوشێوەی رووناهی کە سەرچاوەیەکی گرنگ بوو، رۆنی دەبێتە نوێگەرییەکی گرنگ لە میدیای کوردیدا. گوتیشی کە رۆژنامەگەریی کوردی ئێستا لە ئاستێکی بەرزدایە و بەم جۆرە پڕۆژانە زیاتریش هەڵدەکشێت.
 
سەبارەت بە ئاستی ژیریی رۆبۆتەکە و چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکە، یەحیا چالی گوتی: "بێگومان بەرەوپێشبردنی رۆنی پێویستی بە کاتە. ئەگەر بە تەواوی بگاتە ئامانج، لە توانایدایە بە تەنیا دەزگایەکی میدیایی بە بێ چاودێریکردنی مرۆڤ بەڕێوەببات". ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر ئاماژەیان کردبوو کە رۆنی هێشتا لە زمانی کوردیدا ماویەتی و نەگەیشتووەتە ئاستێکی باش. 
 
موراد بایرام لەمبارەیەوە گوتی: "رۆنی ئێستا لەڕێی پرۆگرامی وەرگێڕانەوە کار دەکات و تەنیا من رێککاریی زمانەوانیی بۆ دەکەم."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی یەحیا چالی بە رووداوی دا، لە ماوەی دوو تا سێ مانگ دا، رۆنی ئامادە دەبێت بۆ وەرگێڕان و بەدواداچوون. هەروەها بە تێپەڕبوونی کات، کوردیی ئەو رۆبۆتە بەرەوپێشدەچێت و لەڕووی کاری ئێدیتۆریشەوە زیاتر بەرەو پێشدەچێت.
 
کۆمپانیای بۆتان ئینتەرناشنەڵ رۆژی 10-12-2022 لە پێگەی فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، ساڵی 2023 رۆبۆتی رۆنی کارا دەبێت و بە کوردی دەست بە کاری میدیایی دەکات. هەروەها ئاماژەکراوە رۆنی لە توانایدا دەبێت بە 109 زمان کار بکات و هەواڵ بە زمانی ئامادە بکات.