رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی فیدراڵیی عێراق دڵنیایی تەواوی پێداون کە ساڵی داهاتوو پارەی گەنمی 2015 و 2016ی جووتیاران خەرج دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-12-2022، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و نوێنەری جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە کەمال موسیلم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، هەر کێشەیەکیان لەگەڵ بەغدا هەبووبێت ئاگاداریان کردونەتەوە و گوتیشی: "هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە هەیە، گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە و لێکتێگەیشتنێکی باش هەبووە."
لەبارەی خەرجکردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2015 و 2016ی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم گوتی: "پێدانی پارەی ئەو جووتیارانە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو. ئەمڕۆش قسەمان لەگەڵ کردن و دڵنیایی تەواو بە جووتیارەکان دراوە کە پارەکەیان بۆ دابینکراوە و ئەگەر زوو دەنگ لەسەر بودجە بدرێت، ئەوە بەیەکجار پارەی جووتیاران دەدرێت."
رۆژی 19-10-2022، حکومەتی عێراق بڕی 37 ملیار و 76 ملیۆن دیناری چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2014 خەرج کرد.
کۆی گشتی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2012-2015-2016، 308 ملیار دینارە.
وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەبارەی زیادکردنی قەبارەی بازرگانیی تورکیا و حکومەتی فیدراڵیی عێراق گوتی: "دەبێت رۆڵی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگیرێت، بەبێ هەرێمی کوردستان ئەو بابەتە سەرکەوتوو نابێت."
لەبارەی هێنانی مریشک لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بۆ عێراق، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: "کاتێک شتێک دەنێردرێت، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئایا بەرهەم لەناوخۆ هەیە یان نا، ئەوەش لای وەزارەتی کشتوکاڵە و ئەگەر بەرهەمی ناوخۆ زیاد بوو نابێت رێگەبدات لە شوێنێکی دیکەوە داخڵ بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ