لە شنۆ شەش دەستبەسەرکراوی ناڕەزاییەکان بە لەسێدارەدان سزادران
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی شۆڕشی ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەر شەش دەستبەسەرکراوی خۆپێشاندانەکانی شاری شنۆدا سەپاند.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شاری شنۆوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، شەش هاونیشتمانی دانیشتووی ئەو شارە کە لە کاتی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەو شارەدا دەستبەسەر کراون، لە دادگەی شۆڕشی ورمێ بە لەسێدارەدان سزادراون.
دوو برا بە ناوەکانی فەرهاد و فەرزاد تەهازادە، هەروەها کاروانی شاهی پەروانە، هەژار حەمیدی، شەهرام مەعرووف مەولا و رەزا ئیسلام دوست بە لەسێدارەدان سزادراون. ئەو کەسانە لە دوو مانگ و نیوی رابردوودا دەستبەسەر کراون و هەفتەی رابردوو دادگایی کراون.
بەپێی ئامارێک کە دامودەزگا حکومی و ئەمنییەکان لە شنۆ لەبارەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئەو شارە ئامادەیان کردووە و زانیارییەکان دەست رووداو کەوتوون، لە سەرەتای ناڕەزاییەکانەوە لە شنۆ 1008 کەس دەستبەسەر کراون. هەروەها 276 کەسیش بریندار بوون.