رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: خۆپێشاندەرێکی خەڵکی سەردەشت بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی سەردەشت بەهۆی ئەشکەنجەوە لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارەدا، دوای ئەوەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەهریار عادلی، تەمەن 27 ساڵ، رۆژی 22-11-2022 بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی سەردەشتەوە دەستبەسەر کرابوو.
بە گوتەی کەسوکاری شەهریار عادلی، لە زینداندا "بە تووندی ئەشکەنجە دراوە" و بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە رۆژی 03-12-2022 بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
لەو وێنانەی تەرمی شەهریار عادلی کە بڵاوبوونەتەوە، نیشانەی ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیارە.
شەهریار عادلی رۆژی 08-12-2022 لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەوە و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی لە کەشێکی ئەمنی و بە ئامادەبوونی لایەنە ئەمنییەکان بە خاک سپێردرا.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان کاتێک ئاگاداربوون ئەو هاونیشتمانییە گیانی لەدەستداوە، لە نەخۆشخانە بە کەسوکارەکەییان گوتووە، بڵێن بەهۆی راوەستانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەگشتی 147 هاونیشتمانیی کورد لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە 17 کەس ژن و 18 کەس منداڵ بوون.