دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: دەکرێت سبەی دادگەی باڵای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی دەنگدان رابگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەگەری هەیە سبەی دووشەممە 13-12-2021 دادگەی باڵای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردن پەسند بکات و ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی داهاتووش سکاڵا لەسەر دوو کورسییەکەی هەولێر و نەینەوا تۆمار دەکەن.
 
هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی یەکشەممە 12-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەری هەیە سبەی دووشەممە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 پەسند بکات.
 
لەبارەی تانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر و نەینەوا، هاوار محەممەد گوتی، پێیانوایە دەسەڵاتی دادگەی باڵای فیدراڵی لە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و تانەکان سنوودارە، بەڵام ئەوان لە تۆمارکردنی سکاڵاکەیان لە بەرامبەر "بردنی دوو کورسییەکە"یان بەردەوام دەبن و دوای دەستبەکاربوونی پەرلەمانی نوێش لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان سکاڵا تۆمار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دوو کورسییە.
 
هاوار محەممەد گوتی، لە خولی رابردووشدا لە نەینەوا دوو کورسییان گەڕاندووەتەوە.
 
بەهۆی تانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، ژمارەی کورسییەکانی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عێراق لە 16 کورسییەوە بووە 18 کورسی و کورسییەکانی پارتی لە 33 کورسییەوە بووە 31 کورسی؛ هەریەک لە هەرێم کەمال ئاغا، بەربژێری یەکێتی لە هەولێر و رۆنزی زیاد سەیدۆ لە نەینەوا لە شوێنی دوو بەربژێری سەرکەوتووی پارتی سەرکەوتن.
 
گۆڕانکارییەکان دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردن:
 
1- لە بازنەی سێی هەولێر هەرێم کەمال ئاغا، بەربژێری یەکێتی لەبری لەیلا ئەکرەم سەعید، بەربژێری پارتی سەرکەوت و کورسییەکی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.
 
2- لە بازنەی دووی نەینەوا رۆنزی زیاد سیدۆ، بەربژێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە بری عەبدولسەلام شەعبان محەممەد بەرزنجی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوت و کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
 
3- لە بازنەی دووی کەرکووک غەریب عەسکەر نەقی، بەربژێری هاوپەیمانیی فەتح لەبری سەوسەن عەبدولواحید شاکر، بەربژێری بەرەی تورکمانی عێراق سەرکەوت و کورسییەکی بەدەستهێنا.
 
4- لە بازنەی چواری بەسرە رەفیق هاشم شناوە، بەربژێری هاوپەیمانیی فەتح لە بری هەیسەم عەبدولجەبار محەممەد، بەربژێری سەربەخۆ سەرکەوت و کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
 
5- لە بازنەی شەشی بەغدا خالید عوبەیدی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم لە بری عەباس حوسێن ساڵح، بەربژێری هاوپەیمانیی عەقدی وەتەنی سەرکەوت و کورسییەکی بەدەستهێنا.