وەزارەتی پێشمەرگە لیوا لێکترازاوەکانی دوای 16ـی ئۆکتۆبەر رێکدەخاتەوە

12-12-2017
نەبەرد حوسێن
لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەیان 14 لیوا بوو
لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەیان 14 لیوا بوو
نیشانەکردن پێشمەرگە
A+ A-

رووداو - هەولێر 

وەزارەتی پێشمەرگە هەشت لیوا رێکدەخاتەوە کە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر لێکترازان، پێشمەرگەکان دەخرێنەوە بەر رێکاری تازەی مەشق و ئەرکیان پێدەسپیردرێت.


کۆمەڵێک پێشمەرگەی سەر بەلیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە باسی ئەو رۆژانە دەکەن کە هەریەکە و لایەنگری حیزبێک بوون، بەڵام پێكەوە بێ جیاوازی لە سەنگەرەکاندا بەرگریان دەکرد.

رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر زۆربەی لیوا یەکخراوەکانی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگەی لێکترازاند، فەرماندەی فەوجێکی یەکێک لەو لیوایانە رێنامیی پێشمەرگەکانی دەکات، چەند رۆژێکە سەنگەریان لە میحوەرەکانی کەرکووک و خورماتووەوە گواستووەتەوە گوێر.

باپیر شێخ وەسانی، فەرماندی فەجی چوار لە لیوای 11 بە رووداوی راگەیاند "زۆر گرنگە یەبگرینەوە، ئەوەی ئێستا لە خورماتووو روودەدات کەس ناڵێت ئەوە پارتییە یان یەکێتی یان لایەنێکی دیکە، دووژمنمان یەکە بۆیە زۆر گرنگە یەکگرتوو بین و یەکبگرینەوە".

لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەیان 14 لیوا بوو، رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر  هەشت لیوایانی لێکترازان، ئێستا  بوون بە 16 نیو لیواو دووبارە بەسەر چەند میحوەر و ناوچەیەکدا دابەشبوون. شەش لێواش ئێستا لە میحوەرەکانی زاخۆ، رەبیعە و پێشخابوور لەئەرکدان و هەڵنەوەشاونەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵەکانی چڕترکردووەتەوە بۆ یەکخستنەوەی هێزە لێکدابڕاوەکانی ئەو 14لیوایە بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان و بەشیوازێکی نوێ، بەگوێرەی پلانەکەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرجەم لیوا لێکترزاوەکان بەزووترین کات دووبارە یەکدەخرێنەوە و مەشق و راهێنانی تایبەتیان پێدەکرێت. 

عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "دەرئەنجامی هەوڵەکانی وەزارەت بە زووترین کات بەدیاردەکەون، بۆ یەکخستەنەوەی ئەو هێزانە لە هەوڵداین و بەردەوامین، بۆ ئەو مەبەستەش فێرگەکان ئامادەن و هەمووان جێگا و واجبی خۆیان دووبارە بۆ ئامادە دەکرێتەوە".

کۆتاییهاتنی شەڕی داعش و هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆسەر ناوچە دابڕاوەکان لە قورسایی و سەنگی پێشمەرگەی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەمنەکردووەتەوە، تاوەکو ئێستاش زۆربەی سەربازان و راهێنەرانی بیانی لەسەر ئەرکەکانیان لە هەولێر بەردەوامن. 

ئەو کاتەی حکومەتی عێراق هێزی پێشمەرگەی وەک دژبەرانی دەستوور و جیاخواز نێودەهێنا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا 415 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیووانی هێزی پێشمەرگە تەرخانکرد. 

سەرەڕای ناونەهێنانی رۆڵی پێشمەرگە لە پەیامی سەرکەوتنی عەبادیشدا، زۆربەی سەرکردەکانی جیهان رۆڵی پێشمەرگەیان لە شەڕی داعش و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان نرخاند.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە