رووداو - هەولێر
بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانی باشووری کوردستان لەلایەن بەغدا، سەتان هاونیشتمانی ناتوانن بچنە عەمرە و داوا دەکەن فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە.
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 85 هەزار کەس لە باشووری کوردستانەوە چوونەتە عەرەبستانی سعودیە بۆ عەمرە، بەڵام ئێستا بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان، رێگەی بەردەم گەشتی هاونیشتمانیان و گەیشتن بە ئاواتەکانیان داخراوە.
سارا رەسول، حەز دەکات گەشتی عەمرە بکات، ئەو دەڵێ "زۆرم حەزلێیە بچمە عەمرە، هەر من نیم چەندین کەسی دیکەش هەن کە بەمجۆرەن. خوا گەورەیە، ئەو دەرگای رەحمەتەمان لێ بکاتەوە. هەزاران کەس هەن نەخۆشن، حەزدەکەن بچنە دەرەوە، بەڵام رێ نییە و دەرگایان لێ داخستووین".
سارا رەسول دوو مانگە خۆی لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە ناونووس کردووە و، رۆژانە پەیوەندیان پێوەدەکات بۆ ئەوەی هەرچۆنێک بێت رێگایەکی بۆ بدۆزنەوە تاوەکو بچێتە عەمرە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 250 کۆمپانیای تایبەت بە گەشتی حەج و عەمرە هەن. ئەوان پێشتر گەشتی عەمرەیان بۆ هەزاران کەس رێکدەخست، بەڵام راگرتنی گەشتی فڕۆکەخانەکان، ئێستا هەموویانی بێکار کردووە.
سەدرەدین سیرینی، خاوەنی کۆمپانیای حەج و عەمرە دەڵێ "ئەگەر فڕۆکەخانەکان دانەخرابان، هەر کۆمپانیایەک لەماوەی دوومانگدا 200 کەس یاخود زیاتری دەناردە عەمرە و، ساڵانەش هەر کۆمپانیایەک نزیکەی هەزار کەسی زیاتر دەنارد".
"کێشەکە لەدەستی ئیمەدا نییە، سیاسییە"، ئەمە ئەو وەڵامەیە کە پێشتر هەندێک لەبەرپرسانی بەغدا بە هەولێریان گوتووە، بەڕێوەبەری حەج و عەمرە رێنمایی خەڵک ناکات لەڕێگەی بەغداوە گەشتی عەمرە بکەن، چونکە ماندووبوون و کێشەی زۆری هەیە.
شێخ قاسم بەرزنجی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرە دەڵێ "ناتوانین هانی هاووڵاتیانمان بدەین لە بەغداوە گەشت بکەن، چونکە ئەوەی ئێمە زانیومانە؛ ترانزێت لەنیوان سێ وڵاتە نەک دوو وڵات، ئەمەش کاریگەریی لەسەر نرخی گەشتەکەش دەبێت".
قەیران و کێشە و گرفتەکان ساڵ بە ساڵ ژمارەی عەمرەکارانیان لە هەرێمی کوردستان کەمتر کردووەتەوە، بەجۆرێک لەساڵی 2014ـدا 36 هەزار کەس گەشتی عەمرەیان ئەنجامداوە و لە ساڵی 2015ـیشدا ئەو ژمارەیە دابەزیوە بۆ 30 هەزار کەس، پارساڵیش 20 هەزار کەس گەشتی عەمرەیان ئەنجام داوە.
گەمارۆ و سزاکانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هاونیشتیمانیانی باشووری کوردستان نەتوانن سەردانی ماڵی خواش بکەن، مەترسییەکە ئەوەیە: ئەگەر ئەم کێشەیە هەروا بەردەوام بێت، فەریزەی حەجی هاونیشتیمان بەدەردی عەمرەی ئەمساڵ بچێ.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ