رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ژووهای باشووری چین، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو خەڵکی پیادەدا کرد و 35 کەسی کوشت و 43ی دیکەی بریندار کرد.
رووداوەکە لە بەردەم یاریگەیەک بووە و پۆلیسی شارەکە بە "هێرش" پۆڵێنی دەکات.
رووداوەکە لە شەوی دووشەممە بووە، بەڵام پۆلیس رۆژی سێشەممە بە فەرمی ئاشکرایکرد و رایگەیاند: "هێرشێکی گەورە و دڕندانە لە ناوەندی وەرزشیی ژووهای روویدا. کەسە گومانلێکراوەکە ئۆتۆمبێلێکی بەنێو ئەو خەڵکەدا کرد کە راهێنانیان دەکرد، لە ئەنجامدا 35 کەس گیانیان لەدەستدا و 43ی دیکە بریندار بوون".
بە گوتەی پۆلیس شوفێری ئۆتۆمبێلەکە پیاوێکی تەمەن 62 ساڵان بووە بە ناوی فان. پۆلیس بە بەکارهێنانی هێز ئۆتۆمبێلەکەی پێ وەستاندووە. دوای ئەوەی کە پیاوەکە هەوڵیداوە خۆی بکوژێت، بە برینداری دەستگیرکراوە و گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە.
🔴 بەڤیدیۆ؛ کەسێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو خەڵکیدا دەکات و لانیکەم 35 کەس دەکوژێت
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 12, 2024
رووداوەکە لە چین بووە و ئەمەش وردەکارییەکەی:https://t.co/c9kIi69blK pic.twitter.com/4rgBsMProm
پۆلیس ئاشکراینەکردووە هاندەری پشت "هێرشەکە" چیبووە، بەڵام دەڵێت، لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
رووداوەکە لە سەروبەندی دەستپێکردنی پێشانگەی فڕۆکەوانیی سوپای چیندا دێت کە بڕیارە لەو شارە بکرێتەوە.
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە، ژمارەیەک ڤیدیۆی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چین بڵاوکرانەوە، ئەمڕۆ سێشەممە لابران. هەواڵی میدیاکانیش لە بارەی رووداوەکە سڕدرانەوە.
چین پێش و لە ماوەی رووداوە گرنگەکاندا، سانسۆر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاد دەکات، وەک کۆنگرەی میللی نیشتمانی کە تێیدا حکومەت گۆڕانکاری و بڕیاری گەورە بۆ ساڵی دواتر رادەگەیێنێت.
شی جین پینگ، سەرۆکی چین دوای لە دامودەزگەکانی شارەکە کرد، "بە تووندی رووبەڕووی توندوتیژییەکان ببنەوە".
رۆژانە سەدان وەرزشڤان روو لە ناوەندە وەرزشیەکە دەکەن و لەسەر هێڵەکانی دەوری یاریگەکە رادەکەن و تۆپی پێ یان سەما لەنێویدا دەکەن. دوای رووداوەکە، ناوەندە وەرزشییەکە تا کاتێکی نادیار داخرا.
چین ژمارەیەک هێرشی بە خۆیەوە بینیوە کە تێیدا گومانلێکراوەکان خەڵک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەکەنە ئامانج.
تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، پیاوێکی 50 ساڵان دەستگیرکرا، دوای ئەوەی بە چەقۆ هێرشی کردە سەر منداڵانی قوتابخانەیەکی پەکین. لەو رووداوەدا پێنج کەس بریندار بوون. ئەیلوولی ئەم ساڵ، لە هێرشێکدا لە فرۆشگەیەکی شەنگهای، سێ کەس بە چەقۆ کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ