توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەمترین رێژەی گەشەی دانیشتووان لە ئیلامە
رووداو دیجیتاڵ
کەمبوونەوەی گەشەی دانیشتووان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرپرسانی ئەو وڵاتەی زۆر نیگەران کردووە، هۆشداری دەدرێت لەوەی رێژەی دانیشتووان تاوەکو 20 ساڵی دیکە بۆ سفر دادەبەزێت. توێژەرێکی کۆمەڵایەتیی کورد دەڵێت لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش کەمترین رێژەی لەدایکبوون لە ئیلامە.
لە سیمینارێکدا لە تاران، کە لەبارەی مەترسییەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، دۆخەکە هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، 100 ساڵی دیکە ئەو وڵاتەی ئێستا ناوی ئێرانە، کەسی تێدا نامێنێت.
عەلیڕەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران گوتی "ساڵی 1480ـی هەتاوی، ژمارەی دانیشتووانی ئێران بۆ کەمتر لە 50 ملیۆن کەس دادەبەزێت و 40 تاوەکو 42 ملیۆن کەس کەمدەبێتەوە. واتا هەموو وڵاتی ئێران 42 ملیۆن کەسی تێدا دەبێت. لەو 42 ملیۆن کەسەش لە هەر چوار کەس، دووانیان بەساڵاچوون."
خالید تەوەکوولی، توێژەری کۆمەڵایەتیی خەڵکی سەقز، ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-11-2024) لە بوڵتەنی نووڕۆژـی رووداو لەبارەی ئەو بابەتە گوتی، لەنێو پارێزگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئیلام کەمترین رێژەی لەدایکبوونی هەیە و، کەمترە لە رێژەی گەشەی دانیشتووانی ئێران کە 0.98٪ـە؛ 'ئەگەر دۆخی ئیلام بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە 10 ساڵدا ژمارەی دانیشتووانی زۆر کەم دەبێتەوە."
تەوەکوولی ئاماژەی بەوەش دا بارودۆخی پارێزگای کرماشان و سنە، لە ئیلام باشترە.
رێژەی گەشەی دانیشتووان لە ئێران ئێستا 1.2٪ـە، بەپێی مەزندەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، 20 ساڵی دیکە رێژەکە بۆ سفر دادەبەزێ و دوای ئەوە، کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە دەستپێدەکات.
عەلیڕەزا رەئیسی جەختی کردەوە لەوەی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان "ساڵانە نزیکەی 450 هەزار کەس بە هۆکاری جیاواز دەمرن و ژمارەی لەدایکبوونی ساڵانە لە وڵاتەکەماندا بۆ یەک ملیۆن کەس کەمبووەتەوە. ئەو ژمارانە لێک کەمبکەنەوە، 500 تاوەکو 550 هەزار کەسێک دەمێننەوە. ئەگەر هەر بەو شێوەیە بچینە پێش، نزیکەی 20 ساڵی دیکە، ژمارەی مردن و لەدایکبوون وەکو یەکدییان لێدێ و یەکسان دەبن."
لەسەر ئاستی ئێرانیشدا وەک خالید تەوەکوولی ئاماژەی پێدا ''کەمترین رێژەی گەشەی دانیشتووان لە پارێزگەکانی گەیلان، ئەردەبیل و هەمەدانە، چونکە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەو پارێزگایانە کۆچ دەکەن."
لە چوار دەیەی رابردوودا، ئاستی مامناوەندی منداڵ بوون لە خێزانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە 6.5 منداڵەوە بۆ 1.6 منداڵ کەمبووەتەوە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش خراپبوونی دۆخی ئابوورییە.
حکومەتی ئێران بە پێدانی قەرزی بانکی، هەوڵدەدات خێزانەکان هان بدات منداڵی زیاتریان ببێت.
ئەمیرحوسێن بانکیپوور، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای گەنجکردنەوەی کۆمەڵگە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێ "ئەو هاوکارییانەی بۆ یارمەتیدانی منداڵبوون دەدرێن، کاریگەرییان هەبووە. بەپێی ئاماری رێکخراوی تۆماری باری شارستانی، ئەمساڵ لەدایکبوونی منداڵی سێیەم 9٪، منداڵی چوارەم 28٪ و منداڵی پێنجەم 51٪ زیاتر بووە."
جگە لە کۆچکردن و دۆخی دارایی خەڵک، توێژەرە کۆمەڵایەتییەکە باسی هۆکاری دیکەی کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون دەکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خالید تەوەکوولی دەڵێ "تەمەنی هاوسەرگیریش زیادی کردووە، کە ئەمەش رێگەدەدات رێژەی لەدایکبوون کەمببێتەوە."
سەبارەت به پلانەکانی حکومەتی ئێران، تەوەکوولی گوتی، "راستە حکومەت داوا له خێزانەکان دەکات منداڵی زیاتریان ببێت، بەڵام لەهەمان کاتدا هیچ بەرنامەیەکی نییه بۆ ئەوەی ئەو منداڵانه لەداهاتوودا له ئێران بمێننەوه."
بەپێی دوایین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران کە لە 12ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ بڵاوکراوەتەوە، ئەو وڵاتە زیاتر لە 85 ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە. نزیکەی 66 ملیۆنیان لە شار و 19 ملیۆن کەسیشیان لە گوندەکان دا دەژین.