مەترسییەکی ژینگەیی؛ پیسبوونی هەوای هەولێر زیاتر لە سێ هێندەی ستانداردی جیهانییە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەبێت لە 24 کاژێردا رێژەی تەنۆلکە وردەکان لە بەرگە هەوای هەر شارێک 15 پلە بێت، بەڵام لە هەولێر رێژەکە زیاتر لە سێ ئەوەندەی ستانداردی جیهانییە کە 50 پلەیە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکە دا دەردەکەوێت، گوندی تەرجانە کە بە دووریی 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر. سەر لە ئێوارەیە و دووکەڵ و ئاگری پاڵاوگەکان گوندەکەیان کردووەتە چارخان. دوو هاوژینی دانیشتووی گوندەکە قوربانیی پیسبوونی هەوای گوندەکایانن.
مام بەکر بە 78 ساڵ تەمەنەوە ساڵێکە تووشی نەخۆشی پێستبووە، عەتییەی هاوژینیشی زیاتر لە 10 ساڵە بەدەست نەخۆشیی رەبۆوە دەناڵێنێت. مام بەکر دانیشتووی گوندی تەرجانە لە رۆژئاوای هەولێر، لە بنەماڵەکەیان جگە لە خۆی و هاوژینەکەی 6 کەسی دیکە هەمان نەخۆشیی ئەوانیان هەیە، دەڵێن دووکەڵ و بۆنی ناخۆشی پاڵاوگەکان تەنگی بە گوندییەکان هەڵچنیوە.
بەکر مەولوود دانیشتووی گوندەکەیە و دەڵێت: "هەوای ئێرە بووەتە دۆزەخ. ئێواران دەبێتە دۆزەخ. نازانم بە شەو بەتاڵ دەکەن نازانم کە دەبێتە شەو بۆنەکە هەموو ناوچەکە دادەپۆشێت."
لەسەر پیسیی هەوای هەولێر بە ئامێرێکی گەڕۆک ماوەی 3 مانگە دکتۆر سەنگەر ساڵح، سەرۆکی بەشی کیمیا لە کۆلێژی زانست لەگەڵ هاوکارێکی سەرقاڵی توێژینەوەیەکی زانیستین. ئەنجامی 24 کاژێری رێگای کەرکووک دەخاتەڕوو: "تێکرا لە 24 کاژێر رێژە تەنۆلکە وردەکان 36ـە کە رێژەی پیسبونەکە بە گوێرەی PM 2.5 کە دوو ئەوەندەی ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییە."
لە 19 شوێنی جیاجیا بۆ ماوەی 24 کاژێر پشکنینیان بۆ تەنۆلکە وەردەکانی PM 2.5 کە تایبەتە بە گازە قورسەکان لە بەرگە هەوای هەولێر کردووە، لێرە ئەنجامی شەو و رۆژێکی پشکنینی رێگای مەخموورمان پێ دەڵێت: "دوای 24 کاژێر پشکنین بەرزترینی 114 بوو کە زۆر زۆرە. لەبەر ئەوەی لێرە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل زۆرە؛ نزمترینی 24ـە، بە تێکڕا 50یە. بە نزیکەیی چوار هێندەی بڕی ستانداردە."
رووداو سەردانی بەشی رۆژئاوای پایتەختی کرد؛ رێگەی گوێڕ، کە زۆرترین پاڵاوگەی نایاسایی لەو بەشەی هەولێرن.
دکتۆر سەنگەر ساڵح سەرۆکی بەشی کیمیا لە کۆلێژی زانست دەڵێت: "رێژەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل، پڕۆژە پیشەسازییەکان و پاڵاوگەکان لە بەشی هەولێرن. بەرزترینیان 302 بوو و نزمترینی 92 بوو. بە تێکراش 227 بوو. ئەمەش رێژەکەی چەندینجار زیاترە لە رێژەی ستاندارد."
پشکنینەکان لە سەنتەری شار بۆ گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی 150 مەتریی پایتەخت کراون، دۆخی سەنتەری شاریش لەوانی دیکە باشتر نەبوو.
دکتۆر سەنگەر دەڵێت: "لە سەنتەری شاری هەولێر بەهۆی زۆریی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان، ئەویش بە رۆژ، پیسبوونەکەی زۆر زۆرە. بەشەوان کەمدەبێتەوە. بە رێژەیەکی گشتی دوو ئەوەندەی ستانداری جیهانییە."
رووداو چووە بەشی باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر لەسەر رێگای پیرمام لە پرۆژەی گرین لاند. لێرە پشکنینی 24 کاژێری بۆ تەنۆلکە وەردەکان کراوە، ئەنجامەکەی پێچەوانەی چوار شوێنەکەی دیکەن.
دکتۆر سەنگەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "لەبەر ئەوەی دوورکەوتووینەتەوە لە شار و قەرەباڵخی و پرۆژە پیشەسازییەکان، لێرە رێژەکە ستانداردە. ئەو ئەنجامەی لێرە بەدەستمان گەیشتووە لە نێوان 13 بۆ 15یە. ئەمەش بەپێی ستانداردی جیهانییە. بە تێکڕاش 14یە. ئەوەش رێژەیەکی باشە، لەبەرئەوەی هەوای دەرەوەی شار پاکترە."
تەنۆلکە وردەکانی PM2.5 مادەکانی وەکو گۆگردی ئەمۆنیا، دووانە ئۆکسیدی نایترۆجین، کادمیۆم، کاربۆنی رەش، دووانە ئۆکسیدی گۆگرد لە خۆ دەگرێت، بەجۆرێک زیانە تەندروستییەکانی بەم جۆرەن:
گۆگردی ئەمۆنیا تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان تێکدەدات و مەترسی گیانلەدەستدان زیاد دەکات؛ سێیەم ئۆکسیدی نایترۆجین دەبێتە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە و هەناسەتەنگی زیاد دەکات؛ کادمیۆم هۆکارێکی تووشبوونە بە لەرز، تا و ئازاری ماسولکەکان، زیان بەسییەکان دەگەیێنێت؛ کاربۆنی رەش جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دیکەی دڵ زیاد دەکات و چوارەم ئۆکسیدی گۆگرد دەبێتە هۆی سووتانەوەی لووت و قوڕگ لەگەڵ هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە لە رێگەی وێبسایتی (ئای کیو وێزەر) کە تایبەتە بە پێوانەی هەوا رێژەی پیسیی هەوای هەولێرمان پیشان دەدات.
عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دەکرێت هەندێک شوێن پیس بێت و هەندێک شوێنیش کەمتر پیس بێت. هەمووی بەهۆی گواستنەوەی باوە هەر پیس دەبێت. بۆیە گرنگترتن شت ئەوەیە کە ناوچەی پیشەسازی دروست دەکرێت نابێت لە ئاراستەی باوە بێت بۆ ناو شار، بەڵکو دەبێت بەپێچەوانەوە بێت."