هەولێر دیجیتاڵ
قایمقامی شارەزوور دەڵێت، ئەو بۆنەی لەم دوو، سی رۆژەی رابردوو دا بڵاوبووەوە، چارەسەرکرا. دەشڵێت "داوامان کردووە تۆڕێکی نوێی ئاو بۆ شارەزوور دروست بکرێت."
ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-11-2024) رزگار غەفوور، قایمقامی شارەزوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوو، سێ رۆژ لەمەوبەر بۆنێک لە سنووری شارەزوور بڵاوبووەوە و چەند کەسێک بەو هۆیەوە گەیێنرانە نەخۆشخانە، بەڵام کێشەکە چاسەرکرا و بۆنەکەش نەماوە."
سامان سابیر، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە قەزای شارەزوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو نەخۆشانەی بەهۆی بۆنەکەوە تووشی هەناسەتەنگی بووبوون، چارەسەریان وەرگرت و چوونەتەوە."
قایمقامی شارەزوو دەڵێت، "پار هەمان کێشەمان بۆ دروست بووە و دواتر دەرکەوت هۆکارەکە کارگەیەک بووە لە سنووری ناحیەی عەرەبەت و لە رێگەی دادگەوە کارگەکەیان ناچار کردووە گازەکە بنبڕ بکات."
لە ناحیەی عەربەت چەند کارگەیەک هەن، لەوانە کارگەی نەفتا و رۆن. رزگار غەفوور دەشڵێت، "هۆکاری بۆنەکە بۆ ئەو کارگانە دەگەڕێتەوە، داوامان لە بەرپرسانی ناوچەکە کردووە کێشەکە بنبڕ بکەن."
لەم دواییە، تۆڕێکی نوێی ئاو بۆ شارەزوور دروستکرا، قایمقامی شارەزوور ئاماژەی بەوەدا، "ئەو تۆڕە سەری نەگرت و هەڵوەشایەوە. داوامان کردووە یەکێکی دیکەمان بۆ دروست بکرێت کە کێشەی ئاو لەم ناوچەیەدا چارەسەر بکات."
تۆڕی ئاوی شارەزوور لە کۆتایی هەشتاکانی سەتەی رابردوو دروست کراوە؛ لەم چەند رۆژە ئاوی سنوورەکە شێلوو ببوو. قایمقامی شارەزوور روونیکردەوە: "بەهۆی کۆنی تۆڕەکە و فراوانبوونی رێژەی دانیشتووانەوە، ئەو تۆڕەی هەیە توانای نەماوە ئاو بەسەر خەڵکەکە دابەش بکات. بۆیە داوامان کردووە تۆڕی نوێی ئاومان بۆ دروست بکرێت."
لە 7ی ئەم مانگەوە سکچوون و رشانەوە لە قەزای شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەوە. قایمقامی قەزاکە گوتی، "نموونەی ئاوەکەیان پشکنیوە و کێشەی نەماوە."
سامان سابیر، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە قەزای شارەزوور دووپاتیکردەوە، "ئێستا هیچ نەخۆشێک کە تووشی سکچوون و رشانەوە ببوون، لە نەخۆشخانە نەماون و چارەسەریان وەرگرتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ