لە کەرکووک سەگ پەلاماری منداڵێکی دا و گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

منداڵێک بەهۆی گەستنی سەگەوە لە شاری کەرکووک گیانی لەدەستدا. 


ئەمشەو، 12-11-2024، لە گەڕەکی مەرجان ستی لە شاری کەرکووک، سەگ پەلاماری منداڵێکی دا.

سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، منداڵەکە ناوی سیراج وەحید غازییە و تەمەنی پێنج ساڵ بوو.

باوکی منداڵەکە بە رووداوی گوت، "لە کاتی مەغریبدا بوو زۆر درەنگ نەبوو، بینیم دراوسێکان لێرە وەستابوون، گوتم چی بووە،؟ گوتیان ئەوە منداڵێکە لێرە کەوتووە نازانین کێیە، من زۆر بەخێرایی چووم. هەڵمگرت وەک ئەوە بوو خەوتبێت، بەڕاستی شۆک بووم."

گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، سەگەکە گازی لە ملی منداڵەکە گرتبوو و برایە فریاکەوتنی ئازادی، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. 

شێڵتەرێک لە کەرکووک لەسەر رووبەری پێنج دۆنم بۆ سەگی بێلانە دروستکراوە. 

فەلاح یایچی، قایمقامی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 500 سەگیان لەو شێڵتەرە کۆکردووەتەوە.

فەلاح یایچی هەروەها گوتی، هێشتا نزیکەی دوو هەزار سەگی بێلانە لەنێو شاری کەرکووک ماون و دەیانەوێت لە شێڵتەرەکە کۆیان بکەنەوە.

زۆری سەگی بێلانە خەڵکی ناوچەکەی هەراسان کردووە. ماوەیەک لەمەوبەر، لە گەڕەکی شۆریجە سەگ پەلاماری پیاوێکی دا و گیانی لەدەستدا.