گالەری


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات. 
 
رۆژی سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سوپاسی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجانی کرد و گوتی، "سوپاس سەرۆک ئیلهام عەلیێڤ بۆ بانگهێشتکردنم بۆ بەشداریکردن لە کۆپ 29". 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسەکە بە "سەرکەوتوو" و "باش رێکخراو" ناودەبات و دەڵێت، "پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو و باش رێکخراو". 
 
رۆژی دووشەممە، 11-11-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە باکووی پایتەختی ئازەربایجان.
 
نێچیرڤان بارزانی دیداری لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە دیارە بەشدارەکانی لووتکەکە هەبوو، لەوانەش ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ئیبراهیم عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ محەممەد بن زاید ئال نهەیان، سەرۆکی ئیمارات؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا.
 
کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) تاوەکو 22 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و سەرکردە، شاند و نوێنەری نزیکەی 200 وڵات، رێکخراو و هەرێم تێیدا بەشدارن. 
 
سەرنجێکی سەرەکی کۆنفرانسەکە لەسەر پارەدارکردنی ئەو وڵاتەنەیە داهاتیان کەمە تاوەکو بتوانن لە بواری رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوادا هەنگاو بنێن.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ ئێوارە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، به‌شداری له‌ ئێواره‌خوانێكى سه‌رۆكى ئازه‌ربايجاندا كرد كه‌ بۆ ميوانانى COP29 ساز كرابوو.