لەنێوان هەولێر و سلێمانی پارە لە شۆفێرانی تانکەری سووتەمەنی وەردەگیرێت و 'ناشچێتەوە خەزێنەی حکومەت'

رووداو دیجیتاڵ

ئەو تانکەرانەی لە هەولێرەوە دەچنە سلێمانی یان بە پێچەوانەوە دەبێت 550 بۆ 680 دۆلار بدەن. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: "پارەکە ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت."
 
لە نزیک بازگەی کۆیە چەندین تانکەر وەستاون، پێش ئەوەی دەرباز بن بۆ سنووری سلێمانی ناوی شۆفێرەکانیان تۆمار دەکرێن لەگەڵ ژمارەی تانکەرەکانیان و دەدرێنە بازگەکە دواتر رێگە بە تێپەڕبوونیان دەدرێت.
 
شۆفێران نیگەرانن لەوەی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ پسووڵەیەکی فەرمیی حکومەت گومرگیان لێوەردەگیرێت.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو پارەیەی وەردەگیرێت، هیچ پەیوەندی بە وەزارەتەکەیانەوە نییە و پارەکە نایەتەوە خەزێنەی حکومەت."
 
شۆفێرێک باس لەوە دەکات: "ئێمە لە سەعات سێی شەوەوە لێرە وەستاوین، ئێستا هیچمان پێ نییە بیخۆین هەموو سەفەرێک ئەوە دۆخمانە، دەڵێن، نامەی دەربازبوونتان نەهاتووە، ئەگەر بارەکانمان قاچاخە بۆ رێگەمان پێدەدەن بڕۆین، ئەوەتا ئێرانی و عەرەب بە دڵی خۆیان دەڕۆن، دەبێ نامەی بارەکەمان بێ بە حساب ئەو بارە لە هەولێرەوە هاتووە، ئێ لەکوێوە دێ هەر لە هەولێرەوە دێت."
 
رووداو چووەتە گۆڕەپانی کڕین و فرۆشتنی سووتەمەنی لە هەولێر، دوای بەدواداچوون و بە گوتەی بازرگانانی سووتەمەنی پارە وەرگرتنەکە لەڕێگەی چەند دەڵاڵێکەوە لە سلێمانی دەکرێت.
 
ژمارەیەک بازرگان کە بەهۆی ترسی لەدەستدانی کارەکەیان نەیانویست لەبەردەمی کامێرا دەربکەون، بە رووداویان گوت: "بۆ دەربازکردنی هەر تانکەرێکی سووتەمەنی لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، دەبێ وەک سەرانە نزیکەی 680 دۆلار بە بازگەکانی یەکێتی بدەن، بە پێچەوانەشەوە لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر دەبێ 300 دۆلاربە بازگەکانی پارتی بدەن."
 
بازرگانی سووتەمەنی دەڵێت: "هەر بەرهەمێک بۆ سلێمانی ببەین، دەبێ لەگەڵ دەڵاڵەکانی سلێمانی رێکبکەوین، هیچ پسووڵە و وەرەقەیەکیش نییە ئەو پارەیە بۆ خەزێنەی حکومەت بگەڕێتەوە یاخود نا، مامەڵەکەش وا دەکرێت دەڵاڵەکە ئاگادار دەکەین و ناوی شوفێرەکەی دەدەینێ، ئەوانیش بۆ ئیدارەی گشتی دەنێرن کە پارە دراوە، ئەوکات رێگە بە دەربازبوونی دەدرێت."
 
ئەو پارەیەی وەردەگیرێت، دەچێتە سەر نرخی گشتیی تانکەرە سووتەمەنییەکە، رەهێڵ خالید، خاوەن مۆلیدە لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "گاز هەندێک گران بووە، لەم مانگەدا لیتری تاوەکو 640 دینار رۆیشت، بەس گاز گران بێت لەسەر هاوڵاتی دەکەوێت."
 
سەرباز کەریم، گوتەبێژی بۆرسەی سووتەمەنی لە هەولێر لەوبارەیەوە رایگەیاند: "هەر بەرمیلێک گازوایل 9 هەزار دیناری دەچێتەسەر، لە هەولێر بە 120 هەزار دینار بێت بە 129 هەزار دینار لەسەر سلێمانی دەکەوێت."