بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار لەدوای هەڵبژاردن کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سبەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دێتە هەولێر و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هێز و لایەنە سیاسییەکانی بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی فراوان کردووە.
کۆبوونەوەکە دەبێتە یەکەمین دیدار و کۆبوونەوەی رووبەڕوو دوای رۆژانێک بانگەشەی لایەنەکان دژی یەک.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبووەنەوەکە بە رووداوی رایگەیاند: "هەڵبژاردنێکمان کردووە کە رەنگە سوودانیش زۆر لە بەرپرسانی دیکەی عێراق لایان وابوو هەڵبژاردنەکە ناکرێت و دواتر وتیان لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لێک دەدەن، ئێ ئەویش کراو قسوریشمان پێک نەکرد، هەموو دونیا دەبێ تێبگات میللەتی ئێمە تێ ئەگات و هەڵمەتی هەڵبژاردن هەڵمەتی هەڵبژاردنە، خۆشحاڵە بەو هەڵبژاردنە و حەز دەکات ببێتە نموونەی هەڵبژاردنی کۆتایی ساڵی داهاتووی عێراق."
کۆمەڵی دادگەری دەڵێن، ئەوان ئۆپۆزیسیۆنن، بەو بیانووە بەشدار نابن لە کۆبوونەوەی لایەنەکان و سوودانی کە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی: "ئەو کۆبوونەوەیە ئێمە ناچین لەبەر ئەوەی ئێمە بەشداری پەرلەمان ناکەین، بانگهێشتکراوین بەڵام ناچین، گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتیش زۆر دەخایێنێت و لە بەرژەوەندیی هەردوو لایەنەکەشە و بە سوودانی ئەو کۆدەنگیە دروست نابێت."
بەپێچەوانەوە، یەکگرتوو و گۆڕان کە ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیان راگەیاندووە، بەشدار دەبن و دەڵێن، لەگەڵ هەرشتێکن لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت.
سەلاحەدین بابەکر - کارگێڕیی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی باس لەوە دەکات: "هیوادارین هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ زوو پێکهێنانی حکومەتی تازە چونکە حکومەتی ئێستا کار بەڕێکەرە و پەرلەمانمان نییە و پێویستە حکومەتی داهاتوو ئەو کێشەیەی لە بەردەمیەتی چارەسەریان بکات بە تایبەت پرسی مووچە."
کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەکات کە "بەشدار دەبین و هەر پرسێکیش پەیوەست بێت بە بەرژەوەندی کورد بەرگری لێدەکەین."
جگە لە پرسی مووچە، بەڕێوەچوونی سەرژمێری و دواپێشهاتە ناوچەییەکان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و شوێنی تێپەڕینی پڕۆژەی رێی گەشەپێدان بۆ تورکیا لە خاڵە سەرەکییەکانی دیداری سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
لە زاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە پەیامنێری رووداو دەڵێت: "بەغدا نایەوێت دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان رێکبخات، لایەنە سیاسییەکانیش کۆناکاتەوە بۆ ئەوەی رێکبکەون ئەگەر کارێکیان بە کورد نەبێت، چونکە بێ بەرامبەر کار بۆ کورد ناکەن."