حکومەت لەسەر دەستنیشانکردنی پارێزگارێک بۆ ورمێ یەکلانەبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە سێ هەفتەیە پارێزگاری ورمێ کراوەتە پارێزگاری تاران و ئەو پارێزگا گرنگەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن سەرپەرشتیارەوە ئیدارە دەدرێت.
دانیشتووانی ئەو پارێزگایە لە رووی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە جیاوازن، کورد و تورک هەوڵدەدەن پارێزگار لەوان بێت، بۆیە دەستنیشانکردنی پارێزگار دواکەوتووە.
قەسیم عوسمانی، پەرلەمانتاری بۆکان دەڵێ "ئەوان دەڵێن خۆجێیی بێت، خۆجێیەک کە خۆیان دەیانەوێ، بەڵام ئێمە دەڵێین کەسێکی لێهاتوو، کە لە ئاستی نیشتمانیدا بێت و پشتگیریی بەهێزی ئەمنی لە پشت بێت، باج نەدات بە رەوتە قەومییەکانی کورد و تورک و نەبێتە کەرەستەی دەستی پەرلەمانتار."
رووی قسەی عوسمانی لە پەرلەمانتار و بەرپرسە ئازەریزمانەکانە، کە هەوڵدەدەن هەر چۆنێک بێت، کەسێکی ئازەری بکەنە پارێزگاری ورمێ، بەڵام پێدەچێت هێشتا حکومەت نەچووبێتە ژێر باری ئەو گوشارانە.
سەلمان زاکر، پەرلەمانتاری ورمێ دەڵێت، لەو پارێزگایە کەسی لێهاتوو زۆرن، بەڵام "بۆچی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆککۆمار لەدوای ئەوەن کە کەسێک بکەنە پارێزگار شارەزای پارێزگاکە نییە؟"
ئەسکەندەر موئمنی، وەزیری ناوخۆی ئێرانیش دەڵێ "پارێزگارەکان بەپێی ئەو پێوەرانە دەستنیشان دەکرێن کە داندراون. سەرۆککۆمار بە پێشنیازکردنی دانانی پێوەر، کاری ئێمەی زۆر ئاسان کرد. تەنانەت داوام لە خودی سەرۆککۆمار کرد ئەگەر کەسێکی پێ شک دێت، پێمان بناسێنێت بۆ پارێزگاری".
هەروەها دەڵێ سەرۆککۆمار، لەو پارێزگایەی کە بۆخۆیشی چەند خولێک پەرلەمانتاری بووە، "فەرمووی پارێزگاری ئەوێش بەپێی پێوەرەکان دەستنیشان بکرێت. سرووشتییە کاتێک ئەو دەستتێوەردانی نەکرد، هیچ کەسی دیکە ناتوانێ دەستوەردان لە دەستنیشانکردنی پارێزگارەکاندا بکات."
لە ساڵی 1942ـەوە کە ورمێ کراوەتە ناوەندی پارێزگا، 33 کەس کراونەتە پارێزگار و بەشی هەرە زۆریان ئازەریزمان و شیعەمەزهەب بوون، بەڵام لە دوو کابینەی رابردوودا، دوو کوردی شیعەمەزهەب کرانە پارێزگار کە خەڵکی کرماشان و خۆراسان بوون.