ئاسایشی خۆسەر: لە تەقینەوەیەکدا لە حەسەکە سێ شەڕڤانمان شەهید بوون

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکانیان لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، سێ شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە. 
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، ئاسایشی خۆسەر دەڵێت: "لە ماوەی کاری بەردەوامی هێزەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاککردنەوەی گوندەکانی دەوروبەری حەسەکە و بە تایبەتی ناوچەی هۆل و کەمپەکەی لە شانە تیرۆرستییەکان و ئەوانەی بە تۆمەتی یارمەتیدانی تیرۆرستان و هاوکاریکردنیان داواکراون، شەوی دووشەممە، 11ی تشرینی دووەم، لایەنە دوژمنکارەکان لە رێگەی بۆمبێکی چێندراوەوە کە پێدەچێت لە دوورەوە تەقێنرابێتەوە، تەقینەوەیەکیان لە دژی ئۆتۆمبێلێکی سەر بە خانەی بریندارانی جەنگ لە جۆری هۆندای لە گەڕەکی ساڵحییە لە نزیک فەرمانگەی ئاوی شاری حەسەکە ئەنجامدا."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سێ ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کە دەستبەجێ لەگەڵ تەقینەوەکە گیانیان لەدەستداوە. 
 
دوو لەو شەڕڤانانە "بریندارانی جەنگ بوون کە لە ماوەی شەڕی دژی داعشی تیرۆرست بریندار ببوون."
 
کەسی سێیەم، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە. 
 
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: "هێزەکانمان بە هەموو پێداگرییەوە بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ ئەم کارە تیرۆرستییە ترسنۆکانە تاوەکو بکەرەکانی دەدۆزرێنەوە."
 
هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە، بەڵام وێڕای ئەوەی ساڵی 2019، هەسەدە بەزاندنی داعشی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا راگەیاند، شانە بەجێماوەکانی رێکخراوە پەڕگیرەکە بەردەوامبوون لە هێرشی ناوبەناوی خوێناوی. 
 
تەقینەوەکە تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستگیرکردنی لانیکەم 10 ئەندامی گومانلێکراوی داعشی لە کەمپی هۆل راگەیاند. 
 
هەسەدە لە هەفتەی رابردووەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکە کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی مەترسیداری داعش، بە دیاریکراوی لە کەمپی هۆل.
 
بە گوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، هێشتا زیاتر لە 43 هەزار کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ ماون، کە هەردووکی لە حەسەکەن. هەروەها زیاتر لە 9 هەزار چەکدار لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان. 
 
هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ هەسەدە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش. 
 
بە گوێرەی دوایین ئاماری سێنتکۆم، لە 29ی ئاب تا 4ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هێزەکانیان 95 ئۆپەراسیۆنیان لە سووریا و عێراق لە دژی داعش کردووە، 163چەکداریان کوشتووە و 33ی دیکەیان دەستگیرکردووە. 
 
هەروەها لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە 153 هێرش لە سووریا و عێراق راگەیاندووە.
 
بە مەزەندەی سێنتکۆم، هێشتا نزیکەی دوو هەزار و 500 چەکداری داعش لە عێراق و سووریا ماون.