ئەو دوو عاشقەی دوای سێ ساڵ خۆشەویستی، بە سێ مانگ لە یەکدی جیابوونەوە

داڕشتنەوە: ژیار حەکیم

"کاتێك چوومە ژووری بەڕێوەبەرەکە، بینیم هاوژینەکەم لەسەر مێزەکەی دانیشتووە و سینگی واڵا کردووە، ئەو جلانەیشی لەبەری بووە، بە شەوانیش بۆ من لەبەری نەدەکرد... هەتا توانیم بۆکسێکم لە ناوچاوی دا، دوای ئەوە نازانم چیم کرد، ئاگام لە خۆم نەما"، ئەمە گوتەی پیاوێک بوو لە دادگە و هاوژینەکەیشی بە چاوێكی شین و دەستێکی شکاوەوە لە بەرامبەری وەستا بوو.
 
ئەوان قسەیان دەکرد و منیش هەر مێشکم لای ئەوە بوو کە ئەم ژن و پیاوەم پێشتر لە شوێنێک بینیوە، دواتر بیرم کەوتەوە کە ئەمانە ئەو عاشق و مەعشوقەیە بوون کە ماوەی سێ ساڵ هەموو رۆژێك لەسەر رێگەی دەوام لە کۆلێجی ماف لەسەر کورسییەک دەمبینین. قسەی خۆش، پێکەنین و نیگای عاشقانەیان بە جۆرێک بوو "لەیل و مەجنوون" ئیرەیی پێدەبردن.
 
بەڵام ئێستا کە سەیریان دەکەم، هەموو شتێک گۆڕاوە. ژنەکە بە چاوێکی شین و دڵێکی پڕەوە جنێوی پێدەدات، پیاوەکەش تووڕەیی و ئاگر لە چاوی دەبارێت. پۆلیسەکان پیاوەکەیان راپێچی ژوورەوە کرد و خستیانە قەفەسێکەوە. دادگایی دەستی پێکرد.
 
گوتم، "فەرموو خاتوون، سوێندی یاسایی بخۆ و بۆم باس بکە، با بزانم چۆن بەم رۆژە گەیشتووی"، ژنەکە دەستی بە قسە کرد، "سێ مانگە ژیانی هاوژینیم لەگەڵ ئەو پیاوە پێکهێناوە"، دەستی بۆ راکێشا و بە چاوی پڕ گریانەوە گوتی، "پێشتر بۆ ماوەی سێ ساڵ خۆشەویستم بوو، لە ئاهەنگی یەکدی ناسینی زانکۆ یەکدیمان بینی و، دوای ماوەیەک بووە هەموو کەسم". 
 
بیرم لەوە دەکردەوە ئاخۆ چی روویدابێ کە دوو کەس دوای سێ ساڵ خۆشەویستی، بە سێ مانگ ئاوها یەکدییان لەپێش چاو کەوتبێت. ژنەکە بەردەوام بوو لە قسەکردن، "سەرەتا کە ژیانی هاوژینیمان پێکهێنا، هەردووکمان بێ کار و بێ پارە بووین، دوای ماوەیەک ئەو بووە شاگرد لە ناو بازاڕ، بەڵام پارەکەی بەشی نەدەکردین، بۆیە هەوڵمدا هاوکاری بکەم و منیش کارێک بدۆزمەوە، دوای ماوەیەک بوومە سکرتێر لە کۆمپانیایەک".
 
ئەوە هەر ئەو کۆمپانیایە بوو کە هاوژینەکەی تێیدا لێی دابوو. ژنەکە گوتی، "دوای ماوەیەک لە کارکردن، هەستم کرد هاوژینەکەم دڵی لێم پیس کردووە و رۆژانە بێ هۆکار شەڕی پێدەفرۆشتم، زۆر رەخنەی لە جلەکانم دەگرت و بەردەوام لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکردم، ژیانی بەتەواوی لێ تاڵ کردبووم"، کە ژنەکە قسەی دەکرد، جار جار رابردووی بیر دەکەوتەوە و بە ئاهێکەوە دەیگوت، "لەم سێ مانگە، دۆزەخێکی بۆ دروستکردم، هەموو سێ ساڵەکەی بیر بردمەوە."
 
دواتر هاتە سەر باسی ئەو رۆژەی هاوژینەکەی لە کۆمپانیاکە لێی دا. هەموو قسەکانی دڵی هەڵڕشت، پاشان لێم پرسی، "دڵنیای لە سکاڵاکەت؟ نایکشێنیتەوە؟" ئەو سوور بوو لەسەر بڕیارەکەی.
 
تۆمەتبارەکە خۆی پێ نەگیرا و دەستی بە قسە کرد، "تکایە با منیش باسی دۆخی خۆم بکەم، ئێوە دەزانن من چیم کردووە، بەڵام کەس ناپرسێ بۆ وام کردووە"، گوتم، "کە نۆرەی خۆت هات قسە بکە."
 
شایەتحاڵەکان هاتن و رووداوەکەیان گێڕایەوە، یەکێک لە شایەتحاڵەکان چاییچیی کۆمپانیاکە بوو، گوتی، "من بینیومە ئەو ئافرەتە لەوێ کاری کردووە و جار جار پۆستەی بردووەتە ژووری بەڕێوەبەر، ئەو رۆژەش هاوژینەکەی هاتە ژوورەوە و لێیدا، ئێمەش تەلەفۆنمان بۆ پۆلیس کرد و هاتن دەستگیریان کرد. تەنیا ئەوەندە دەزانم."
 
شایەتحاڵەکەی دیکە بەڕێوەبەرەکە بوو. هاتە ژوورەوە، پێم گوت، "جگە لەوەی باسی ئەو رۆژەم بۆ بکەی، دەمەوێ بزانم ئایا هیچ شتێكی نەشیاوت لەو ئافرەتە بینیوە؟" دەستی بە قسە کرد، "جەنابی دادوەر، من خۆم خێزاندارم، دوورم لەو کارانە و ئەو ئافرەتەش ئەگەر پێشینەیەکی خراپی هەبووایە، نەمدەکردە سکرتێری خۆم."
 
پاشان دەستی کرد بە پیاهەڵدان بە ژنەکە، "بەڕاستی ئەم ئافرەتە زۆر بەتوانایە، من خۆم خوێندەواریم باش نییە و ئینگلیزیش نازانم، بەڵام ئەم ئافرەتە لەو دوو لایەنەوە باشە، بۆیە زۆر یارمەتیدەرم بوو. هەندێك لە گرێبەستەکان بە زمانی ئینگلیزی بوون، زۆر پێویستم بە کەسێک بوو ئینگلیزی بزانێت، بۆیە هەندێکجار جگە لە مووچەکەی، پارەی زیاتریشم پێدەدا."
 
کەم کەم بۆمان روون بووە کە ئەو رۆژە چی روویداوە، ئیدی بە نۆرەش بووایە، نۆرەی تۆمەتبار بوو. تۆمەتبار بە دەموچاوێکی گرژەوە دەستیپێکرد، دیار بوو زۆر داخی لە دڵدایە، "قسەی شایەتحاڵەکان راستە و، من لەو کۆمپانیایە لە ژنەکەمم داوە، بەڵام ئێوە بۆ لێم ناپرسن، بۆچی وام کردووە؟ خۆ دەزانن سێ ساڵ خۆشەویستم بوو و سەرەڕای هەموو دژایەتییەکانی کەسوکارم، هەر ئەوم وەکو هاوژینی خۆم هەڵبژارد".
 
گوتم، "باسی بکە، با بزانم بۆ وات کردووە"، گوتی، "سەرەتای ژیانی هاوژینیمان هیچ کێشەمان نەبوو، جگە لە بێپارەیی، بۆیە هەردووکمان دەستمان بە کار کرد، بەڵام دوای ماوەیەک، هەستم کرد ژنەکەم زۆر لێم سارد بووەتەوە و هیچ گرنگیم پێنادات... هەندێک جلوبەرگی لەبەر دەکرد کە تەنانەت بۆ خەویش بۆ من لەبەری نەدەکرد. لەسەر ئەو شتانە، هەموو رۆژێكمان بوو بووە تۆران و شەڕەجنێو."
 
تۆمەتبار بەردەوام بوو، "ئەوانەی باسم کردن هیچ نەبوون، ئەوەی کە زۆر تووڕەی کردم و لە گومانەکانم دڵنیایان کردمەوە، ئەوە بوو رۆژێک کەمێک زووتر رۆشتمە ماڵەوە و بینیم هاوژینەکەم بە ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەرەکەی هاتەوە ماڵەوە، لە کاتێکدا من تەکسیم بۆ گرتووە، من لە دادگە دەپرسم ئایا هەموو بەڕێوەبەرەکان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سکرتێرەکەیان دەبەنەوە."
 
کاتێك باسی ئەو رووداوەی کرد، نە بەڕێوەبەرەکە، نە ژنەکە رەتیان نەکردەوە. تۆمەتبارەکە گوتی، "کە ئەوەم بینی لای خۆم گوتم رەنگە تەکسییەکە کێشەی بۆ دروست بووبێت، تەلەفۆنم بۆ شۆفێرەکە کرد و لێم پرسی بۆ نەچووە بە دوای هاوژینەکەمدا، شۆفێرەکە گوتی، چەند جارێکی دیکەیش هاوژینەکەم تەلەفۆنی کردووە و پێی گوتووە، پێویست ناکات بچێت بە دوایدا و خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە."
 
تۆمەتبارەکە هاتە سەر باسکردنی رۆژی رووداوەکە، "کە ئەو قسانەم لە شۆفێری تەکسییەکە بیست، زانیم کە دەبێت کارێک بکەم و چیدی ئەوەم پێ قبووڵ دەنەکرا. رۆژی دواتر نەچوومە سەر کارەکەم، چاوەڕێم کرد هەتا هاوژینەکەم بچێتە سەر کارەکەی، بینیم خێزانەکەم جلوبەرگێکی لەبەر کردووە کە هەرگیز نەمبینیوە و هەر ناشزانم کەی کڕیویەتی. چەند کاژێرێك خۆم گرت و دواتر چوومە نێو کۆمپانیاکە، کارمەندەکان رێگرییان لێکردم، بەڵام هەرچۆن بوو خۆم گەیاندە ژووری بەڕێوەبەرەکە...".
 
کاتێك گەیشتە گێڕانەوەی چی بینیوە، تۆمەتبارەکە هێندە تووڕە بوو کە هەناسەی تووند بووبوو. بەردەوام بوو لە قسەکردن، "کاتێك چوومە ژووری بەڕێوەبەرەکە، بینیم هاوژینەکەم لەسەر مێزەکەی دانیشتووە و سینگی واڵا کردووە، ئەو جلانەیشی لەبەری بووە، بە شەوانیش بۆ من لەبەری نەدەکرد، هەتا پێم کرا بۆکسێکم لە نێو چاوی دا، دوای ئەوە نازانم چیم کرد، ئاگام لە خۆم نەما، هەر کەسێكی دیکەیش بووایە هەمان کاری دەکرد."
 
هەموو رووداوەکەیان بۆ گێڕاینەوە و کاتی بڕیاردان بوو. پێشتر داوامان لە هەردوولا کرد، ئەگەر دەتوانن لە یەکدی خۆش ببن و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە، بەڵام هەردوولا رەتیان کردەوە. پیاوەکە گوتی، "جارێکی دیکە ناتوانم لە ماڵێکدا لەگەڵ ئەو ژنە بژیم و ئامادەی هەموو سزایەکم". ژنەکەش سوور بوو لەسەر سکاڵاکەی، بۆیە بڕیاری سزادانی تۆمەتبارەکەمان دا.
 
ئەو رووداو لە سەرەتای ساڵانی 2000 روویدابوو، هێشتا یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی دانەڕێژرابوو، بۆیە بەپێی ماددەی 413ـی یاسای سزاکانی عێراقی دادگایی کرا و سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر تۆمەتبارەکە سەپێندرا.
 
*عەبدولباست فەرهادی، دادوەری خانەنشین، کە ماوەی 40 ساڵ لە هەرێمی کوردستان دادوەر بووە، لە پۆدکاستی "چیرۆکەکانی دادگە" ئەو رووداوەی گێڕایەوە.

 

هەموو پۆدکاستەکان:

چیرۆکەکانی دادگە