سەرۆکی هوداپار پشتگیریی خۆی بۆ حەماس نیشاندا
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا پارتی دۆزی ئازاد – هوداپار پشتگیریی خۆی بۆ فەڵەستین نیشاندا و سەرۆکی پارتەکەش بە زمانەکانی کوردی و تورکی گوتاری پێشکێشکرد.
کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی هوداپار رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023 لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو و زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی هوداپار بە یاوەری ژمارەیەک پاسەوان کە جلی بزووتنەوەی حەماسیان لەبەر بوو، چووە سەر سەکۆ و گوتاری پێشکێشکرد. ئەو دیمەنە بووەتە جێی سەرنجی میدیای تورکیا و هاوکات سەرۆکی هوداپار لە گوتارەکەیدا بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماس نیشاندا. ئەمە لەکاتێکدایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چەند گوتارێکیدا جەختی کردووەتەوە، "بزووتنەوەی حەماس بە تیرۆریست نازانن".
یاپیجیئۆغڵو کە بە هەردوو زمانەکانی کوردی و تورکی گوتاری پێشکێشکرد گوتی: "ئێمە لە گۆڕەپانەکانین بۆ ئەوەی بەرپرسانمان بخەینە جووڵە و بەرەی خۆمان دیاری بکەین. ئێمە بێلایەن نین و بێلایەنیش پشتگیریکردنی ستەمکارانە. ئەو برایانەمان کە لە فەلەستین بەرگری تێدەکۆشن ئازیزن! تیکۆشان بەرامبەر ستەم مافێکی رەوایە و برایانی جەنگاوەرانی ئەوێ موجاهیدن".
کاردانەوەی لایەنەکانی دیکە
ئەو هەڵوێستەی هوداپار کاردانەوەی چەند پارتێکی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێنا. هەریەک لە ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی گشتیی پارتی زافەر و ئۆزتورک یڵماز، سەرۆکی گشتیی پارتی نوێخوازی (یەنیلیک) لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)ەوە رەخنەی تووندیان لە یاپیجیئۆغڵو گرتووە و بە پێویستی دەزانن داواکاری گشتی دەست بە لیکۆڵینەوە بکات.
سەرۆکی گشتیی هوداپار باسی لەوە کرد، ماوەی 37 رۆژە غەززە لە ژێر بۆردوومانی ئیسرائیلە و بێ ئاو و کارەبایە. هەروەها رایگەیاند، نەخۆشخانەکانیش بۆردوومان دەکرێن و منداڵان و ژنان دەکوژرێن و مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت.
یاپیجیئۆغڵو هەروەها خەڵکی هاندا بایکۆتی بەرهەم و کاڵای ئەو کۆمپانیایانە بکەن کە پشتیوانی ئیسرائیلن و ئەو بایکۆتەی بە فەرز دانا.
هەڵوێستی هوداپار لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو
رۆژی 20ی شوباتی 2018، هاوپەیمانی جمهوور لەنێوان ئاکپارتی و مەهەپە پێکهات. دواتر پارتی یەکبوونی مەزن (بەبەپە) و پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) چوونە نێو هاوپەیمانییەکە. پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی (سەرلەنوێ رەفاهی ئیسلامی) پێنجەم ئەندامی پێکهێنەری هاوپەیمانی جمهوورە. رەجەب تەیب ئەردۆغان بەربژێری هاوبەشی هاوپەیمانی جمهوورە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە 14-5-2023 بەڕێوەچوو، هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی، مەهەپە، یەنیدەن رەفاهـ و هوداپار) 49.4٪ی دەنگەکانی بردەوە و 322 کورسیی لە کۆی 600 کورسی مسۆگەر کرد. هوداپار کە لە ژێر لیست و لۆگۆی ئاکپارتی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا کردبوو، چوار کورسیی پەرلەمانی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، دیلۆک، مێرسین و ئێلیهـ بردەوە.
پارتی دۆزی ئازاد ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. تائێستا بەشداریی لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11,500 ئەندامی هەیە.