لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە سنووری گەرمیان دوو شۆفێری ماتۆڕسکیل گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە سنووری گەرمیان کە هەردووکیان ئەمڕۆ روویاندا، دوو شۆفێری ماتۆڕسکیل گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ (یەکشەممە 12-11-2023) موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رووداوێکدا لە شارۆچکەی گردەگۆزینە لە سنووری قەزای کەلار ماتۆڕسکیلێک وەرگەڕا و لە ئەنجامدا شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا کە لە دایکبووی ساڵی 1995ـە.
لە رووداوێکی دیکەدا لە رێگەی کەلار – خانەقین و نزیک گوندی شێرەوەن، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان ناڤارا و ماتۆڕسکیلێک پێکیاندادا. موقەدەم سامان دەڵێت، لەو رووداوەشدا شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستدا کە لەدایکبووی ساڵی 2000ـە.
هاتووچۆی گەرمیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ هەردوو رووداوەکە کردووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆی گەرمیان بۆ رووداو، ئەمساڵ 340 رووداوی هاتووچۆ لەو سنوورە روویانداوە، لە ئەنجامدا 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و 460 کەسیش برینداربوون.