بەرهەمی بەشی یەکەمی کوردش تاڵنت راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکەمین ئیڤێنتی کوردش تاڵنت بەڕێوەچوو، لە بەشی یەکەمی کوردش تاڵنت کە 14 گەنج بەشدار بوون، بڕیاردرا کە بۆ هەریەک لە بەشداربووان، کلیپێک بکرێت و ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو گەنجانە پێشاندران.
نووری بێخاڵی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کوردیش تاڵنت بە رووداوی گوت، "کوردیش تاڵنت، بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەی نیشتمانی بە ناوی ڤیژوەڵ کوردستان، کە لە داهاتوودا رادەگەیێندرێت و گرنگی بە زانست، کولتوور و فەرهەنگی گەنجان دەدات".
پار لە دوای راگەیاندنی کوردش تاڵنت، زیاتر لە 10 هەزار گەنج لە کوردستانی گەورە و دەرەوەش خۆیان تۆمارکرد و داوای نموونەی کاریان لێکرا و 100 کەسیان مانەوە و لە کۆتاییدا 14 گەنج مانەوە و ئەمڕۆ لە ئیڤێنتێکدا بەرهەمەکانیان نمایش دەکرێن. نووری بێخاڵی دەڵێت: "ئێستا ئەو 14 گەنجە بە فلتەری کەسانی پسپۆڕ و شارەزادا تێپەڕبوون و دەتوانین بڵێین هونەرمەندن."
نووری بێخاڵی گوتی، "لەگەڵ کەناڵە ئینتەرتەیمێنتەکاندا گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی کلیپی ئەو هونەرمەندانە پەخش بکەن و زیاتر بیانناسێنن".
"لە گۆرانییەکەوە بۆ 11 گۆرانی بۆ هەر هونەرمەندێکی بەشداربوو کراوە"
بە گوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کوردیش تاڵنت، هەر هونەرمەندێکی بەشداربوو، بە گوێرەی توانا و ویستی خۆی، گۆرانی بۆ تۆمارکراوە، کە تێیاندایە گۆرانییەک و هەشە 11 گۆرانی بۆ تۆمارکراوە، بەڵام تەنیا یەک کلیپیان بۆ کراوە، جگە لە براوەی یەکەم کە سێ کلیپی بۆ کراوە.
نووری بێخاڵی دەڵێت: "ئەوە هەنگاوی یەکەمە و بەردی بناخەیە، سوپاسی تایبەتی کاک ئیدریس نێچیرڤان بارزانی دەکەین، کە پاڵپشتێکی بەهێزی ئەم پرۆژەیە و دەمانەوێت هەر گەنجێکی کورد لە هەر شوێنێک بێت و بەهرەی هەبێت، هاوکاری دەکەین پەرە بە بەهرەی بدات و پاڵپشتیی بکەین."
هونەرمەندە گەنجەکان لە چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارن
ئەو 14 گەنجانەی کە کلیپیان بۆ کراوە، چواریان خەڵکی رۆژهەڵات، یەکێک باکوور، یەکێک لە رۆژئاوا و هەشتیان خەڵکی باشووری کوردستانن.
جگە لە خودی هونەرمەندەکان، ماڵباتەکانیان و چەندین هونەرمەند، نووسەر و کەسایەتیی وەکو میوان بەشدارییان لە ئیڤێنتەکەدا کردووە.
هونەرمەند فاتێ، یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی کوردش تاڵنت بە رووداوی گوت: "زۆر دڵخۆشم کە هونەرمەند و گەنجانی چوار پارچەی کوردستان لێرە کۆبوونەتەوە، ئەمە هەستێکی زۆر خۆشە بۆ هەولێر و ئێمە".
فاتێ دەڵێت، "ئێستا ئەو گەنجانە هونەرمەند و بژاردەن، چونکە هەنگاونانێک بۆ هونەر؛ هونەرە".
نیاز محەممەد، مامۆستای هونەرە جوانەکان لە هەولێر لەبارەی ئیڤێنتەکەوە بە رووداوی گوت، "ئەم جۆرە کارانە بۆ دەرخستنی توانای گەنجان زۆر گرنگە، چونکە ئێمە هەزاران دەنگی خۆشمان هەیە کە ونن، بەڵام رەنگە کۆمەڵگە رێگرییان لێبکات، بۆیە ئەمجۆرە پرۆگرامانە دەرفەتە بۆ دەرخستنی توانای گەنجان لە گۆرانیگوتن و هەموو هونەرەکانی دیکە".
نیاز محەممەد دەڵێت، "ئەم جۆرە پرۆگرامانە دەتوانێت بەهرە لە گەنجان بدۆزێتەوە و گەنجەکەش خۆی بسەلمێنێت و کوردش تاڵنت لە ئاستێکی زۆر باشە، لیژنەکە و دەنگی بەشداربووەکان، لە ئاستێکی بەرزدا بوو، لیژنەکە لە رووی دەروونییەوە زۆر هاوکاریی هونەرمەندە بەشداربووەکان بوون".
دوو سروودی نیشتمانیش تۆمارکراون
لە کوردیش تاڵنت، جگە لە گۆرانییەکان، دوو سروودی نیشتمانیش تۆمارکراون کە لە هۆنراوەی رزگار چووچانی و میوزیک و دابەشکردنی لەلایەن چیا مەدەنییەوە بۆ کراوە و لەگەڵ کۆرس گوتراونەتەوە.
هونەرمەند چیا مەدەنی بە رووداوی گوت، "لە کوردیش تاڵنت، سوودمان لە تەکنەلۆژیای سەردەم وەرگرت، بۆ ئاسنکاریکردن بۆ بەشداربووان، ئێمە بیرمان لەوە کردەوە کە کورد پەرەتەوازەیە، بۆیە بیرۆکەکەمان ئەبوو سیستمێک دروست بکەین، سنوورەکان ببەزێنێت و دەرفەت بە هەموو گەنجانی کورد بدات، ئەمەش وایکرد کە گەنجانی کورد لە 62 شاری جیاوازی جیهانەوە بەشداریی بکەن".
چیا مەدەنی گوتی، "ساڵی داهاتوو، هەوڵدەدەین وەرزی دووەمی کوردیش تاڵنت بە جیاوازییەکی باشترەوە پێشکێش بکەین و هاوشانی پرۆگرامە جیهانییەکان بێت".
لەبارەی هونەرمەندە بەشداربووەکانیشەوە چیا مەدەنی گوتی: "هەریەکە و چیرۆکێکی خۆی هەیە، ئێمە پێمانوابوو تەنیا دەنگخۆشن، بەڵام کۆمەڵێک گەنجی پڕ وزەن و هەموویان وەکو خانەوادەیەکیان لێهاتووە و وەکو ماڵباتێک کار دەکەین".
بێریتان مستەفا، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لە وانی باکووری کوردستانەوە بەشداریکردووە و بە رووداوی گوت "کلێپێکمان بۆ کراوە و ئێستا من خاوەنی کلیپێکی گۆرانیم کە گۆرانییەکی فۆلکلۆرە، بەڵام چوار گۆرانیم بۆ تۆمارکراوە".
بێریتان مستەفا، کە مامۆستای میوزیکیشە دەڵێت، "پەرۆشم بۆ ئەوەی کارە هونەرییەکەم بڵاوببێتەوە، بۆ ئەوەی بزانم خەڵک چۆن پێشوازیم لێدەکەن".
خالید سەرکار: هەڵبژاردنی باشترینەکان کارێکی سەخت بوو
هونەرمەند خالید سەرکار، یەکێکە لە ئەندامانی لیژنەی کوردش تاڵنت، لەکاتی ئیڤێنتەکەدا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "کە پەیوەندییان پێوەکردم بۆ بەشداریکردن لەم پرۆژەیە، زۆرم پێ باشبوو، چونکە ئەزموونی پێشترم هەیە کە چەندین دەنگی باش هاتنە ناو هونەری کوردییەوە. ئەم پرۆگرامانە پێویستن بۆ دەوڵەمەندترکردنی گۆرانی و ئاوازی کوردی".
خالید سەرکار دەڵێت: "هەڵبژاردنی دەنگەکان، لە سەرەتاوە زۆر سەخت بوو، راستە بە ئۆنلاین کردمان، بەڵام سی لەو دەنگانەمان هێنایە شاری دهۆک و بەهۆی گرووپی مۆسیقاوە توانیمان باشترین 15 دەنگ هەڵبژێرین، بەڵام بەڕاستی کارێکی سەخت بوو".
کوردیش تاڵنت، یەکەمین پرگرامی خۆی لە 01-08-2022 راگەیاند.
کوردش تاڵنت، لەبارەی راگەیاندنی خۆیەوە دەڵێت، "پڕۆژەیەکی کولتووری سەربەخۆیە و دەرفەتی دیموکراتی و یەکسانی بۆ تەواوی کۆمەڵگەی کوردی دەڕەخسێنێت ئەوانەی لە چوار پارچەی کوردستانن یان لە تاراوگە نیشتەجێن بەبێ جیاوازی بیروباوەڕی سیاسی و ئایینی و رەگەزی، بەمەبەستی ئاشکراکردن و گەشەپێدانی تواناکانی کۆمەڵگە و، لە هەمان کاتیشدا باشترکردنی دۆخی ئێستا و دەستەبەرکردنی دوارۆژێکی گەش بۆ هاونیشتیمانیان."
کوردش تاڵنت لە یەکەم هەنگاویدا، تیشکی خستەسەر بواری دەنگ و گۆرانی، خاوەن بەهرەکان، لە هەر کوێی جیهان نیشتەجێبن، دەتوانن لە تەنیا چەند خولەکێکدا ببن بە ئەندامی کوردیش تاڵنت و، لە پێگەی تایبەتی خۆیاندا تواناکانی خۆیان پیشان بدەن.
لە رێگەی کێبڕکێی تایبەت دەرفەت بۆ ئەندامەکانی دەرەخسێنێت کە هەوڵبدەن بەهرەکانیان تاقی بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتە تایبەتەکان.
کوردش تاڵنت دەڵێت:" فەلسەفەی دەنگ لای ئێمە، یەکەمین ئامێری مۆسیقایە، بۆیە ئێمە لە دەنگەوە دەستمانپێکردووە. رەنگە خەڵک بڵێن زۆر پڕۆژە و پێشبڕکێی دەنگ هەبوون، بەڵام گرنگیدان بە دەنگ، گرنگیدانە بە هونەری مۆسیقا وەکو بەشێکی گرنگ لە کولتووردا."
گەنجانی کوردستان و تاراوگە، دەتوانن بە رێگەی ئۆنڵاین بەشداریی بکەن، وێبسایتێکیان بۆ پڕۆژەکە داناوە، بە چەند کلیکێک، هاوشێوەی دروستکردنی ئەکاونتێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، دەتوانی لە پڕۆژەکەدا بەشداریی بکەیت. قۆناخی یەکەم، بە ئەندام بوونە لە وێبسایتەکەدا و قۆناخی دووەمیش بەشداریکردنە لە پێشبڕکێیەکاندا.