گوتەبێژی ئەپیکور بۆ رووداو: هیوادارین هەولێر و بەغدا لەسەر پێدانی شایستە داراییەکانمان رێکبکەون

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان راگەیاند، تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی ئەندام لەو کۆمەڵەیە رێکنەکەون، ئەو کۆمپانیایانە بە تەواوی دەست بە بەرهەمهێنانەوەی نەوت ناکەنەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور لەکاتی بەشداریکردنی لە کاژێری یەکەمی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نەوت رایگەیاند، "ئەمڕۆ و سبەی کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان وەزیری نەوتی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینین. ئەمە ئاماژەیەکی ئەرێنییە."
 
گوتەبێژی ئەپیکور دەشڵێت، ئەندامانی کۆمەڵەکەیان "بەشێک نین لەو گفتوگۆ و کۆبوونەوانەی ئێستا لە هەولێر بەڕێوەدەچن"؛ بەڵام، "هیواخوازین بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق رێکبکەون لەسەر بودجەیەکی تایبەت بۆ کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور. دەبێت تێگەیشتنی تەواومان هەبێت کە چۆن کۆمپانیاکانی نەوت لە داهاتوودا شایستە داراییەکانیان وەردەگرن؛" هۆشداریشیدا کە "هەرێمی کوردستان و عێراق نەگەنە رێککەوتن، ناتوانین بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکەینەوە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە هەولێر کە بڕیارە دوو بۆ سێ رۆژ بمێننەوە و ئامانجی سەرەکی سەردانەکەش دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە و سەبارەت بە سەردانی وەزیری نەوتیش بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی نەوت لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "حکومەتی عێراق رژدە لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی 8-11-2023 بۆ یەکەمجار نوێنەرانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق لە ئیمارات لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. 
 
لەبارەی کۆبوونەوەکە، مایڵز کاگینز بە رووداوی راگەیاند، "یەکەمجارە ئەو جۆرە کۆبوونەوانە بکرێن. پێمان وایە ئەوە پێشهاتێکی ئەرێنییە و هەموو لایەکیش خوازیارە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆدەبینەوە."
  
کاگینز گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی رابردوودا لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق، نوێنەرانی وەزارەتی نەوتی عێراق و (کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ)ـش بەشداربوون. 
 
گرووپی ئەپیکور لە شەش کۆمپانیای تایبەت بە نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا، ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە، 50٪ـی نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستانیان بەرهەم دەهێنا. 
 
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا و بەگوێرەی کۆمەڵەی ئەپیکور، ئەو بڕیارە تائێستا زیانی 7 ملیار دۆلاری بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە. 
 
لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، بەرپرسانی لایەنی پەیوەندیداری عێراق و تورکیا چەند جارێک دانوستاندنیان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە.