قایمقامی سەیدسادق: کارکردن لە پرۆژە راگیراوەکان دەستیپێکردووەتەوە

12-11-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن سەیدسادق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای سەیدسادق رایگەیاند، هەموو ئەو پرۆژانەی لەماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون کارکردن تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە، دەشڵێت، ئەم ساڵ پێنج پرۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار لە سنووری قەزای سەیدسادق جێبەجێکراون.
 
رەزا محەممەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند،" لەماوەی ساڵانی رابردوودا چەند پرۆژەیەک بەهۆی گرفتی داراییەوە راگیرابوون بەڵام لەدوای بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران. کارکردن تێیاندا دەستیان پێکردووەتەوە لەوانە؛ پرۆژەی رووناککردنەوەی دەروازەی شار و سەوزکردنی دەروازەکە، پرۆژەی جووتسایدی رێگەی شێخان کە رێگەی چەند گەڕەکێک بووە و یەکێک بووە لە گرفتەکانی قەزاکە ئێستا لە قۆناخی کارکردن و تەواوبووندان.
 
قایمقامی قەزای سەیدسادق گوتیشی، "ئەم ساڵیش بە بەهای نزیکەی دوو ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری شەقام و کۆنکرێت و تۆڕی ئاو لەسنووری قەزاکە جێبەجێکراون لەوانە؛ پرۆژەی کۆنکریتکردن و شۆستەی گەڕەکی حەسار بە گوژمەی 267 ملیۆن دینار. پرۆژەی قیرتاوکردنی ریگەی ناوگردان بە گوژمەی یەک ملیار دینار کە درێژی ریگەکە 2.2 کیلۆمەترە و گرفتی رێگەی 12 گوند چارەسەر دەکات و پێنجوێن و پارێزگای هەڵەبجەش بەیەکەوە دەبەستێتەوە."
 
لەماوەی رابردوودا چەند هاونیشتمانییەک لە گوندەکانی بناری چیای سورێن پەیوەندییان بە بەرنامەی مژارەوە کرد و باسیان لە خراپی رێگەی گوندەکانیان کردووە و گوتیان، بەشێک لە رێگەکە هێشتا قیرتاو نەکراوە و گرفتی بۆ دروستکردوون.
 
رەزا محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، رێگەی گوندەکانی بناری سوورێن لەرابردوودا بەشێکی مابوو قیرتاو بکرێت کە نزیکەی یەک کیلۆمەتربوو، لەسەر داهاتی وێستگەکانی کێش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگەوبانی سلێمانی بە گوژمەی 127 ملیۆن دینار قیریان کردووە.
 
لەبارەی پرۆژەکانیان لەنێو شاری سەیدسادق، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ئێستا پرۆژەی کۆنکرێتی شەقامی سەرەکی گەڕەکی هێمن(کەنی زەرد) لەقۆناخی کۆتاییدایە، هەروەها پرۆژەی تۆڕی ئاوی گەڕەکی بەرکێو بە گوژمەی 407 ملیۆن دینار رەزامەندی لەسەر دراوە و ئاراستەی بەڵێندەرکراوە.
 
قایمقامی سەیدساق دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی شارەکە بەخێرایی گەشەیکردووە و بەشێوەیەکی سرووشتی نەبووە، بۆیە ئەو بوودجانەی بۆ قەزاکە تەرخانکراوە بەگوێرەی فراونبوونەکەی نەبووە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا گرفتێکی زۆریان هەیە لەبابەتی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ، ئەو گەڕەکانەی لە بەشی خوارووی سەیدسادق دروستبوون و گەڕەکی نوێن تۆڕی ئاوەڕۆییان نییە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆیی قەزای سەیدسادق پێویستی بە بوودجەیەکی زۆرە و نزیکەی شەش ملیار دیناری پێویستە."
 
لەبارەی پرۆژەی وەبەرهێنان لە سنووری قەزای سەیدسادق، رەزا محەممەد دەڵێت، "تائێستا هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون لە سنوووری قەزای سەیدسادقدا نییە و لە چەندین بۆنە و کاتی جیاوازدا هەوڵمانداوە لەگەڵ وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی، بۆ ئەوەی پرۆژەی وەبەرهێنان لە سنووری سەیدسادق جێبەجێبکرێت و وەکو ئیدارەی قەزای سەیدسادق هەموو پاڵپشتی و ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی پرۆژەی وەبەرهێنان لە سنووری قەزای سەیدسادق جێبەجێ بکات."
 
لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لەسنووری قەزای سەیدسادق ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت تەواوکاری بوو بۆ ئەو خێزانانەی کە کۆتایی زستانی رابردوو نەوتیان وەرنەگرتبوو، زستانی رابردوو نزیکەی 40٪ـی سنوورەکە نەوتیان وەرگرتبوو، لە هەفتەکانی رابردوودا ئەو 60٪ـی مابوون نەوتیان وەرگرتبوو، لەکۆی نزیکەی 22 هەزار خێزان.
 
گوتیشی، هەموو ئەو خێزانانەی کە تازە ژیانی هاوژینییان پێکهێنابوو، کۆبوونی نەوتیان بۆ دروستکرا و نەوتیان بەسەردا دابەشکرا کە نزیکەی 500 خێزان بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاریان ئەحمەد: تاوەکو ئێستا 67٪ـی نیڤشکانان بایۆمەترییان بۆ کراوە

کاروباری کۆمەڵایەتی: نزیکەی 33٪ـی نیڤشکان بایۆمەترییان نەکردووە

گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 33٪ـی نیڤشکانان بایۆمەترییان نەکردووە. پششبینیش دەکات کاتی بایۆمەتری درێژبکرێتەوە.