یەکێتیی مامۆستایان: یونسێف ناتوانێت خوێندنی ساڵێک لە هەرێمی کوردستان رەتبکاتەوە

12-11-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن خۆپێشاندانی مامۆستایان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوو مانگە خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و، کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە. سکرتێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، مەترسی فەوتانی خوێندن نییە و یونسێفیش ناتوانێت خوێندنی ساڵێک دوابخات. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بایکۆتەوە مەترسی لەسەر فەوتانی خوێندن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین نییە، چونکە هەر کاتێک خوێندن لەو شوێنانە دەستپێبکاتەوە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و مامۆستایان دەتوانن قەرەبووی کاتەکە بکەنەوە."
 
زۆرجار دەگوترێت، ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە هاوکاریکردنی منداڵان - یونسێف خوێندنی ساڵێک هەژمار ناکات ئەگەر لەو ساڵەدا دەوام وەکو پێویست نەبوو، ئەوەش نیگەرانی کەسوکاری ئەو قوتابییانەی لێکەوتووەتەوە کە لە سنوورەکانیان بایکۆت هەیە. 
لەوبارەیەوە سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، خوێندن نافەوتێت و گوتیشی، "یونسێف تەنیا راسپاردەی دەبێت و هیچ کاتێک ناتوانێت خوێندن لە شارێک یان وڵاتێک پەکبخات یان رەتیبکاتەوە. ئەوەی هەیە ئەگەر لە ناوچەیەکیش بایکۆت کۆتایی نەهات پەروەردەی ناوچەکە بیەوێت دەتوانێت کۆتایی خوێندن رابگەیێنێت، نەوەک یونسێف."
 
13ـی ئەیلوول خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆت بەردەوامە، بەڵام دەوامی قوتابییانی پۆلی 12 هەیە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی وانەبێژان ئەمڕۆ یەکشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ناڕەزایی و بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامە؛ ئەمڕۆ جگە لە کۆیە، لە سنووری پەروەردەکانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچوو.
 
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان گوتی، "هەوڵێک لە ئاستی باڵای پارتی و یەکێتیدا هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە بایکۆت و دەستپێکردنەوەی خوێندن. هەردوولا دەیانەوێت چارەسەرێکی مامناوەند بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە."
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە، خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
 
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوامیان نەکردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، دەڵێن شەش مانگ مەشق و راهێنانیان پێکردوون و بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام چوار ساڵە کەسیان دانەمەزراون.