لە گەرمیان دایک و باوکێک بە تۆمەتی فرۆشتنی سێ منداڵیان دەستگیرکران

12-11-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن گەرمیان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لە گەرمیان رایگەیاند، ژن و پیاوێک بە تۆمەتی فرۆشتنی سێ منداڵیان دەستگیرکراون. دەشڵێت، دایک و باوکەکە گوتوویانە، "بەهۆی نەبوونییەوە" منداڵەکانیان فرۆشتووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، موقەدەم شاخەوان محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لە گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە تۆمەتی فرۆشتنی سێ منداڵی خۆیان، دایک و باوکێکیان لە گەرمیان دەستگیرکردووە."
 
موقەدەم شاخەوان دەڵێت، منداڵەکان لە ساڵی جیادا فرۆشراون و لەکاتی فرۆشتنیاندا تەمەنیان سێ مانگ، 11 مانگ و یەک ساڵ بووە. گوتیشی، "یەکێک لە منداڵەکان بە هەزار دۆلار (10 وەرەقە) و یەکێکی دیکەیان بە هەزار و 500 دۆلار و یەکێکیشیان بە ملیۆنێک دینار فرۆشراوە."
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لە گەرمیان ئاماژەی بەکاتی دەستگیرکردنی دایک و باوکی منداڵەکان کرد و گوتی، "نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر یەکێک لەو خێزانانەی منداڵێکیان کڕیوە سکاڵایان تۆمارکردووە و گوتوویانە، منداڵیان کڕیوە، بەڵام دایک و باوکی، منداڵەکەیان بردووەتەوە بەبێ ئەوەی پارەکەیان بدەنەوە، لەسەر ئەو بنەمایە لێکۆڵینەوە کرا و بە فەرمانی دادوەر دایک و باوکەکە دەستگیرکران."
 
دایک و باوکی منداڵەکان کوردن و دانیشتووی ناحیەی رزگارین و زیاتر لە دوو مانگە لە زینداندان. موقەدەم شاخەوان باسی لەوەکرد، "دوای دەستگیرکردنیان دانیان بەوەدانا کە دوو منداڵی دیکەیان فرۆشتووە، یەکێک لە منداڵەکانیان فرۆشتووە بە کەسێکی خەڵکی گەرمیان، یەکێکیان بە خەڵکی هەولێر و ئەوی دیکەش بە خەڵکی پێنجوێن."
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لە گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ رووداوەکەیان ئاشکرا کردووە و بەهۆی بەردەوامیی لە لێکۆڵینەوە لە دوومانگی رابردوودا لێکۆڵینەوەکە بە نهێنی بەڕێوەچووە."
 
لەبارەی هۆکاری فرۆشتنی منداڵەکانیان، شاخەوان محەممەد گوتی، "دایک و باوکی منداڵەکان دەڵێن لەبەر نەبوونی منداڵەکانیان فرۆشتووە، بەڵام بەگوێرەی یاسا قەدەخەیە و تاوانە."
 
ئەوانەی منداڵەکانیان کڕیوە خێزانی جیان و کەسیان دەستگیر نەکراون، موقەدەم شاخەوان گوتی، "کڕیارەکان ئەو خێزانانەن کە منداڵیان نییە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.