لە قەڵادزێ تەقە لە دوو برا دەکرێت و بریندار دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، بە چەکی جۆری دەمانچە لەلایەن کەسێکەوە تەقە لە دوو برا کراوە، بەوهۆیەوە هەردووکیان برینداربوون و شوێنەواری پێنج گولـلە بەجەستەیانەوە هەیە.
 
رۆژی شەممە 12-11-2022، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا باسی لە رووداوێکی تەقەکردن کرد کە کاژێر 10:15 خولەکی ئەمشەو روویداوە و گوتی: لە گەڕەکی راپەڕین لەلایەن کەسێکەوە بەچەکی جۆری دەمانچە تەقە لە دوو برا بەناوەکانی (خ. ع. ق) لەدایکبووی ساڵی 1990 و (ق. ع. ق) لەدایکبووی ساڵی 1987 کراوە کە هەردووکیان کاسبکارن و دانیشتووی گەڕەکی راپەڕینن. 
 
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە: "هەردوو براکە برینداربوون و شوێنەواری پێنج گولـلە بەسەر جەستەی هەردووکیانەوە هەیە."
 
وەک پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: "بە بڕیاری دادوەر و بە مادەی 405/31 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسێک دەرچووە. ئێستا هەردوو بریندارەکە لە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ لە ژێر چاودێری پزیشکیدان، هەروەها بۆ هەمان مەبەستیش هێزەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە."