بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئەگەر زوو ئاگرەکەی تۆپ ئۆرگانیک کۆنترۆڵ نەکرابایە، کارەسات روویدەدا

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی چێشتخانەی تۆپ ئۆرگانیکی نێو هۆتێل کریستاڵی راگەیاند و ئاماژە بەوە دەدات، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
کاژێر 7:50 بەیانی ئەمڕۆ شەممە 12-11-2022، ئاگر لە چێشتخانەی تۆپ ئۆرگانیکی نێو هۆتێل کریستاڵ لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر کەوتەوە.
 
دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بەهۆی ئەوەی چێشتخانەکە لە دار دروستکرابوو، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە بە تەواوەتی سووتا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو. ئەوەی هەیە زیانی مادییە. لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە گەشتیارێکی زۆر لەنێو هۆتێلەکە بوون، بەڵام هیچ زیانێکیش بەر هۆتێلەکە نەکەوت".
 
بە گوتەی سەرکەوت کاڕەش، "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، سەرەتای سەرهەڵدانی ئاگرەکە لە بەشی چێشتلێنان لەکاتی ئامادەکردنی خواردن بووە و دواتر تەشەنەی کردووە".
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر لەبارەی هەوڵەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە قسەی کرد و گوتی: " 12 تیمی ئاگرکوژێنەوە لە هەموو بنکەکانی نێو شاری هەولێر بەشداریان لە کۆنترۆڵکردنەوەی ئاگرەکە کرد. ئەگەر زوو ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکرابایە، کارەسات روویدەدا، چونکە لە بەشی دواوەی هۆتێلەکە سیستمی گازی LPG و چەندین تانکی گازوایلی موەلیدە هەیە".