رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای کۆنگرە بەڕێوەدەچێت. ئەندامێکی کۆمیتەکە دەڵێت، مەکتەبی سیاسیی هەڵدەبژێردرێت و سەرۆک بارزانی بڕیار لەسەر بەربژێرێکی کوردانی ئێزدی بۆ کۆمیتەی ناوەندی دەدات.
رۆژی شەممە، 12-11-2022، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ، یەکەم کۆبوونەوەمان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی بەڕێوەدەچێت و تێیدا بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی حیزب، گفتوگۆ لەسەر بابەتەکان دەکرێت".
ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەکرد کە بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پارتی، خاڵی سەرەکیی گفتوگۆی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی دەبێت. گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەرۆک بارزانی کەسێک لە کوردانی ئێزدی بۆ کۆمیتەی ناوەندی دەستنیشان دەکات".
دوێنێ هەینی، 11-11-2022، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا گفتوگۆ لەبارەی ناردنی شاند بۆلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکرێت.
هەر دوێنێ هەینی، ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مەرج نییە لە یەکەم کۆبوونەوەدا مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرێت و ئەگەر هەیە بکەوێتە کۆبوونەوەیەکی دیکە.
چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی بێ هەڵبژاردن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی دابنرێنەوە؛ ئاراس حەسۆ میرخان گوتی، لە کۆبوونەوەی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیدا روون دەبێتەوە کە چەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە پۆستی خۆیان دەمێننەوە.
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکانی دوای کۆنگرەی پارتی گۆڕانکاری دەبێت لە لقەکان؛ ئاراس حەسۆ میرخان گوتی: "کاری یەکەمی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی دەبێت؛ هەرکات مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا دوای ئەوە کار لەسەر گۆڕانکارییەکانی نێو لقەکان دەکرێت".
دوای 12 ساڵ لە نەبەستنی کۆنگرەی حیزبەکە، رۆژی 03-11-2022 پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی 14یەمی بەبەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام لە شاری دهۆک بەست. لە کۆنگرەدا سەرۆک بارزانی بە سەرۆک و نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەمی سەرۆک هەڵبژێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ