رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری بانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندەکانی سەر بەو شارەیان دەستبەسەر کرد بەڵام هۆکارەکەی تاوەکو ئێستا دیار نییە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 11-11-2021 هێزەکانی ئیتلاعات لەنێوشاری بانە و گوندەکانی نجنێی سەروو، چۆمان، کەوپێچ و نەمەشێر هێرشیانکردووەتەسەر ماڵی هاونیشتمانییان و بەشێكیان دەستبەسەر كردوون.
ناوی 19 کەس لە دەستبەسەرکراوان بۆ رووداو پشتڕاست بووەتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە لەو ژمارەیە زیاتریش بن. بەپێی زانیارییەکان، زۆربەی دەستبەسەرکراوان خەڵکی گوندی نجنێی سەروون و کەسوکاری یەکدین.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە، شەوی رابردوو دەیان کەس لە هێزەکانی ئیتلاعات بە چەندین ئۆتۆمبێل چوونەتە نێو گوندی نجنێی سەروو و ماڵەکانیان پشکنیون، کەسوکاری دەستبەسەرکراوانیان ئازارداوە و نیوەشەو گوندەکەیان جێهێشتووە.
لەکاتی چوونی ئەو هێزانە بۆ نێو گوندەکە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی نجنێی سەروو لە ترسی دەستبەسەرکردنیان گوندەکەیان جێهێشتووە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵی ئەو هاونیشتمانییانە رانەگەیێندراوە و هێزە ئەمنییەکانیش لەبارەی دەستبەسەرکردنیان هیچ روونکردنەوەیان بە کەسوکاریان نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ