بریندارێکی دیکەی شەڕەکەی کەسنەزان گیانی لەدەستدا

رووداو - هەولێر

دوای ئەوەی لە ئاهەنگێكی بووكگواستنەوەدا لەسەر سەرچۆپی لە کەسنەزان شەڕ و تەقە لەنێوان دوو بنەماڵە روویدا و گەنجێكی تەمەن 18 ساڵ کوژرا، ئەمڕۆش یەکێکی دیکە لە پێنج بریندارەکەی رووداوەکە لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا. 


سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " ئەمڕۆ دووشەممە 12-11-2018، یەکێک لە بریندارەکان گیانیلەدەستدا و ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی هەولێرە و دواتر رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە". 

ئەو کەسەی گیانیلەدەستداوە ناوی زوهێر جەعفەرە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.

رۆژی 9-11-2018، لە هۆڵێكی بووكگواستنەوەی هەولێر دەبێت بە شەڕ و كەسێك کوژراو، پێنج كەسیش بریندار دەبن، پۆلیس تاوەكو ئێستا سێ كەسی دەستگیركردووە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.

رۆمی هەركی كە گۆرانیبێژێكی میللییە و برای هەیسەمە دەڵێت "9 كەس تەقەیان كردووە، هەموویان بە تۆمەتبار دەزانین و سكاڵامان لەسەریان تۆمار كردووە. ئەمانە پێشتر چەندین فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە".

سەروان محەممەد هەركی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە هاوڕێی بنەماڵەی كوژراوەكەیە بە (رووداو)ی گوت: "یەكەمجار نییە ئەم دوو بنەماڵەیە شەڕدەكەن، لەناو ئاهەنگی خەڵكی دیكەشدا بەشەڕهاتوون. یەكێك لە بنەماڵەكان پێشتر كچێكی خۆیان كوشتووە".

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بكوژەكان دەیانەوێت كێشەی كوشتنی هەیسەم بە سوڵحی عەشایری چارەسەر بكەن، ئەو دەڵێت: "بە بنەماڵەی هەیسەمم گوتووە بەهیچ شێوەیەك نابێت ئاغایەك سوڵحیان بۆ بكات، چونكە دەیانەوێت بە سوڵح رازییان بكەن و بكوژیش سزا نەدرێت، كامێرا لەو جێگایە هەیە، بكوژ و تەقەكەرەكان دیارن، دەبێت دەزگا ئەمنییەكان دەستگیریان بكەن".

لەزگین تاهیر هەركی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە ''بكوژی هەیسەم'' ناوی دەبرێت، هەموو تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە. ئەو بە (رووداو)ی گوت: "كە شەڕەكە دەستیپێكرد لەناو شایی بووم، دواتر چووم ناوبژیوانیم كردن، بەڵام دووبارە دەستیانپێكردەوە و پێم كۆنتڕۆڵ نەكران، هەیسەم خوارزای منە، ئەوكاتەی بەركەوت ، من لەلای دایكی بووم لە ژوورەوە، بۆیە من هەیسەمم نەكوشتووە و هەر كەسێك یەك بەڵگەی هەیە كە من گوللەیەكم تەقاندووە یان رووی چەكەكەشم لە خەڵك كردبێت، ئامادەم بێمە بەردەم دادگا".

لەزگین كە مام و برازایەكیشی لە شەڕەكەدا برینداربوون دەشڵێت: "چوومە ناو ئۆتۆمبێلەكەم، لە سەرەوە تەقە لە منیش كرا، دوو گوللە بەر ئۆتۆمبێلەكەم كەوت، دابەزیم لە خوارەوەش تەقەیان لێكردین، گوللەكان بەئاڕاستەی من و خەڵكەكەش بوو، دەیانویست ئێمەش بكوژن".

بەگوتەی لەزگین "شەڕەكە بەهۆی سەرچۆپی بووە، بەڵام تەقەكەرەكان ویستوویانە شاییەكە تێكدەن، چونكە ململانێیان هەبووە لەگەڵ ماڵی زاوا، بەهۆی ئەوەی ژنیان بەسەر ژنی ئەواندا هێناوە، پێشتریش پلانی بۆ داڕێژراوە، چونكە شاییەكە لە نهۆمی خوارەوە بوو، بەڵام ئەوان دوو كەسیان لە نهۆمی سەرەوە دانابوو و تەقەیان لە خەڵكەكە دەكرد".

لەبەردەم مزگەوتی گەورەی حەسارۆكان گەنجێكی هەركی كە نەیویست ناوی بهێنین بە (رووداو)ی گوت: "لە حەسارۆكان نزیكەی 150 ماڵی هەركی لێیە، بێجگە لەم دوو بنەماڵەیە هیچ كەسی دیكە كێشەی نییە، كێشەی ئەم دوو بنەماڵەیە ئەوەیە نابێت كەسیان لەوەی دیكە زیاتری هەبێت و بەردەوام لە كێبڕكێدان".

بەرنامەی بەرسیار لەبارەی رووداوەکە


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن