یەكێك لە تۆمەتبارانی رووداوەكەی كەسنەزان پێشتر خوشكێكی خۆی كوشتووە
رووداو – هەولێر
لە ئاهەنگێكی بووكگواستنەوەدا لەسەر سەرچۆپی دەبێتە شەڕ و تەقە، بەو هۆیەوە گەنجێكی تەمەن 18 ساڵان بەناوی هەیسەم مووسا دەكوژرێ و پێنج كەسی دیكەش بریندار دەبن، پۆلیس 3 لە تەقەكەرەكانی دەستگیر كردووە، بەڵام هێشتا ئەو كەسە دەستگیر نەكراوە كە دەگوترێت بكوژی گەنجەكەیە.
هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: "رۆژی 9/11/2018 لە هۆڵێكی بووكگواستنەوە دەبێت بە شەڕ و كەسێك دەكوژرێت و پێنج كەسیش بریندار دەبن، پۆلیس تاوەكو ئێستا سێ كەسی دەستگیركردووە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە".
زوبێدە لە ناوەڕاستی خێمەی پرسەكەدا بەپێوە شینی بۆ مەرگی هەیسەم دەگێڕا، ئەو كە خاوەنی سێ كوڕ و دوو كچە گوتی: "ساڵانێكی زۆرە بنەماڵەكانی (عەلی خان ئەمیر) و (تاهیر جەوهەر) كە كەسی ئێمە و خاڵ و خوشكەزای یەكدین كێشەیان هەیە، كێشەكەشیان تەنیا بەهۆی چاولێكەری و كێبڕكێی پارە و ئۆتۆمبێل و چەكە".
دایكی هەیسەم باسی رۆژی رووداوەكە دەكات: "كە بانگهێشتی ئاهەنگەكە كراین تەنیا هەیسەم حەزی لێبوو، پارەی لێسەندم و جلوبەرگی تازەی كڕی، كچەكانیشم بەزۆر برد. ئاهەنگ دەستیپێكرد، سەرەتا هیچ كێشەیەك نەبوو، نزیك كاژێر چوار لەنێو هەڵپەڕكێدا دوو گەنجی هەردوو بنەماڵە بەناوەكانی عەگید و هەریاد كە پێشتر كێشەیان هەبوو، سەرچۆپیان كرد بە بیانوو و بوو بە شەڕیان، خۆم چووم و گوتم شەڕ مەكەن، بەڵام عەگید تەقەی بە هەوادا كرد، دوایی لەزگین كە ئامۆزای هەریادە لەناو هۆڵەكە تەقەی كرد".
زوبێدە گوتیشی :"خەڵكەكە دەیانویست بچنە دەرەوە، هەردوو بنەماڵەش بە چەقۆ، دەمانچە و كڵاشینكۆف بەربوونە گیانی یەكدی و شەڕەكە گەورە بوو، من لەزگینم بینی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیەوە چەكی دەرهێنابوو تەقەی دەكرد، ژنەكەشی لەناو خەڵكەكە هاواری دەكرد دەبێت هەمووان وەك پشیلە بتۆپێنی، لەبەرامبەریشدا بنەماڵەی عەلی خان بۆ پشتگیری لە عەگیدی ئامۆزایان تەقەیان دەكرد، بینیم زوهێر كەوت ئیتر وەك باران گوللە دەباری".
زوبەیدە لەبارەی كوڕەكەشی دەڵێت: "هەیسەم كە چارەگێك پێش رووداوەكە لە دەستی برادەرەكانی هەڵدەپەڕی لێم ونبوو، هاوڕێكانی دەڵێن رایكردووە بۆ ئەوەی لەپشتی ئۆتۆمبێلەكان خۆی بشارێتەوە، بەڵام لەدواوە گوللەی پێكەوت".
رۆمی هەركی كە گۆرانیبێژێكی میللییە و برای هەیسەمە دەڵێت "9 كەس تەقەیان كردووە، هەموویان بە تۆمەتبار دەزانین و سكاڵامان لەسەریان تۆمار كردووە. ئەمانە پێشتر چەندین فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە".
موشیر هەركی كوڕی عەلی میرخانە و یەكێكە لە بریندارەكان، بە (رووداو)ی گوت: "لەناو ئاهەنگەكە دانیشتبووم، دوو گەنجەكە كە تەمەنیان نزیكەی 20 ساڵ دەبوو هەڵدەپەڕین، بوو بە دەمەقاڵێیان و پاشان تەقەیان كرد. زوهێری ئامۆزام بریندار بوو، هەیسەمم بینی هاواری كرد و گوتی من هیچم نەكردووە بۆ دەمكوژن، لەدواوە گوللەیەكیان پێوەنا. ئێمەش سكاڵامان لەسەر پێنج كەس تۆمار كردووە".
لەزگین تاهیر هەركی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە بكوژی هەیسەم ناوی دەبرێت، هەموو تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە. ئەو بە (رووداو)ی گوت: "كە شەڕەكە دەستیپێكرد لەناو شایی بووم، دواتر چووم ناوبژیوانیم كردن، بەڵام دووبارە دەستیانپێكردەوە و پێم كۆنتڕۆڵ نەكران، هەیسەم خوارزای منە، ئەوكاتەی بەركەوت ، من لەلای دایكی بووم لە ژوورەوە، بۆیە من هەیسەمم نەكوشتووە و هەر كەسێك یەك بەڵگەی هەیە كە من گوللەیەكم تەقاندووە یان رووی چەكەكەشم لە خەڵك كردبێت، ئامادەم بێمە بەردەم دادگا".
لەزگین كە مام و برازایەكیشی لە شەڕەكەدا برینداربوون دەشڵێت: "چوومە ناو ئۆتۆمبێلەكەم، لە سەرەوە تەقە لە منیش كرا، دوو گوللە بەر ئۆتۆمبێلەكەم كەوت، دابەزیم لە خوارەوەش تەقەیان لێكردین، گوللەكان بەئاڕاستەی من و خەڵكەكەش بوو، دەیانویست ئێمەش بكوژن".
بەگوتەی لەزگین "شەڕەكە بەهۆی سەرچۆپی بووە، بەڵام تەقەكەرەكان ویستوویانە شاییەكە تێكدەن، چونكە ململانێیان هەبووە لەگەڵ ماڵی زاوا، بەهۆی ئەوەی ژنیان بەسەر ژنی ئەواندا هێناوە، پێشتریش پلانی بۆ داڕێژراوە، چونكە شاییەكە لە نهۆمی خوارەوە بوو، بەڵام ئەوان دوو كەسیان لە نهۆمی سەرەوە دانابوو و تەقەیان لە خەڵكەكە دەكرد".
لەبەردەم مزگەوتی گەورەی حەسارۆكان گەنجێكی هەركی كە نەیویست ناوی بهێنین بە (رووداو)ی گوت: "لە حەسارۆكان نزیكەی 150 ماڵی هەركی لێیە، بێجگە لەم دوو بنەماڵەیە هیچ كەسی دیكە كێشەی نییە، كێشەی ئەم دوو بنەماڵەیە ئەوەیە نابێت كەسیان لەوەی دیكە زیاتری هەبێت و بەردەوام لە كێبڕكێدان".
ئەو گەنجە دەشڵێت: "یەكێك لەوانە كە تۆمەتبارە، خوشكێكی خۆی كوشتووە، تەنیا سێ مانگ لە زیندان بوو، دواتر ئازاد كرا".
سەروان محەممەد هەركی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە هاوڕێی بنەماڵەی كوژراوەكەیە بە (رووداو)ی گوت: "یەكەمجار نییە ئەم دوو بنەماڵەیە شەڕدەكەن، لەناو ئاهەنگی خەڵكی دیكەشدا بەشەڕهاتوون. یەكێك لە بنەماڵەكان پێشتر كچێكی خۆیان كوشتووە".
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بكوژەكان دەیانەوێت كێشەی كوشتنی هەیسەم بە سوڵحی عەشایری چارەسەر بكەن، ئەو دەڵێت: "بە بنەماڵەی هەیسەمم گوتووە بەهیچ شێوەیەك نابێت ئاغایەك سوڵحیان بۆ بكات، چونكە دەیانەوێت بە سوڵح رازییان بكەن و بكوژیش سزا نەدرێت، كامێرا لەو جێگایە هەیە، بكوژ و تەقەكەرەكان دیارن، دەبێت دەزگا ئەمنییەكان دەستگیریان بكەن".
سەبارەت بەوەی كە یەكێك لە تۆمەتبارەكان پێشتر خوشكەكەی خۆی كوشتووە، هۆگر عەزیز گوتی: "راستە یەكێكیان پێشتر خوشكی خۆی كوشتووە، ئێمە دەستگیرمان كردووە و داومانەتە دادگا، بۆیە ئازادكردنی پەیوەندی بە دادگاوە هەیە نەك ئێمە".