رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای دهۆک زۆرترین کارتی بایۆمەتری وەرگیراوەتەوە و لە پارێزگای سلێمانیش کەمترین.
ئەمڕۆ شەممە 12-10-2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نوێترین ئاماری دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکە، لەکۆی دوو ملیۆن و 899 هەزار و 615 کارتی بایۆمەتریی دەنگدان، دوو ملیۆن و 778 هەزار و 989 کارت دابەشکراون و 120 هەزار و 717 کارت لە بنکەکانی کۆمیسیۆن ماون دابەش بکرێن.
لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، لەکۆی یەک ملیۆن و 15 هەزار و 667 کارتی بایۆمەتری، 985 هەزار و 732 کارت دابەشکراون و 29 هەزار و 935 کارتیش ماون دابەشبکرێن، کە رێژەی دابەشکردنی کارتەکان لە هەولێر 97%ـە.
هەروەها لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لە کۆی یەک ملیۆن و 146 هەزار و 92 کارت، یەک ملیۆن و 68 هەزار و 854 کارت وەرگیراونەتەوە و هێشتا 77 هەزار و 238 کارت ماون دابەش بکرێن کە رێژەی دابەشکردنی کارتەکان لە سنوورەکە 93%ـە.
هەروەها لە سنووری پارێزگەی دهۆک زۆرترین کارت وەرگیراونەتەوە، لە کۆی 737 هەزار و 856 کارتی بایۆمەتریی دەنگدان، 724 هەزار و 312 کارت وەرگیراونەتەوە و 13 هەزار و 544 کارت ماون وەربگیرێنەوە، رێژەی وەرگرتنەوەی کارتەکان لە سنوورەکە 98%ـە.
بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەر کەسێک کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی نەبێت، ناتوانێت دەنگ بدات، بۆیە بۆ کارئاسانیکردن بۆ دەنگدەران و لەپێناو ئەوەی مافی دەنگدانیان نەفەوتێت، کۆمیسیۆن بڕیاریداوە تاوەکو کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، دەنگدەران بتوانن لە بنکەکانی کۆمیسیۆن کارتەکانیان وەربگرنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ