لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئامەد 3 کەس گیانیان لەدەستدا و 3 کەس برینداربوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شارۆچکەی هێنێی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، 3 کەس گیانیان لەدەستدا و 3 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
نیوەشەوی رابردوو رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان 4 ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی سەرەکیی دیجلە لە شارۆچکەی هێنێ لە پارێزگای ئامەد روویدا؛ لە ئەنجامدا 3 کەس گیانیان لەدەستدا و 3 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئامەد دەڵێت، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە مینی پاسێکدا کێشا و بەو هۆیەوە مینی پاسەکە خۆی بە بارهەڵگرێکی رێڕەوی بەرامبەر و ئۆتۆمبێلەکەش خۆی بە تراکتۆرێک لەسەر هەمان رێڕەو کێشا.
 
لە ئەنجامی رووداوەکە 3 سەرنشینی مینی پاسەکە گیانیان لەدەستدا و 3 لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکەش برینداربوون. تراکتۆر و بارهەڵگرەکەش تەنیا زیانی مادیان بەرکەوت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون کە تێیاندا هەزار و 533 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 هەزار و 646 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
پار ملیۆنێک و 314 هەزار و 136 رووداوی هاتوچۆ تۆمارکرابوون و لەو رووداوانەدا 6548 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 350 هەزار و 855 کەسیش بریندار ببوون.