هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان داواکاریی ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە سنووری لوبنان رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دۆخی گوندەکانی باشووری لوبنان بەجۆرێکە بەردەوام دووکەڵی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای ئیسرائیلیان لێ بەرزدەبێتەوە. 
 
ژمارەیەکی زۆری گوندەکان چۆڵکراون و ئیسرائیل رایگەیاندووە نابێت خەڵکەکەیان بگەڕێنەوە. 
 
باکووری ئیسرائیلیش لەو دیوی سنوورەکە. دووکەڵی مووشەک و هاوەنی حیزبوڵڵای لێ نابڕێت. 
 
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفیڵ) کە لە ساڵی 2006ـەوە بە درێژایی سنوور جێگیرکراوە، ئێستا خۆی لە دۆخێکی خراپدا دەبینێتەوە. 
 
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لانیکەم 5 سەربازی بریندار بوون، کە چواریان بەهۆی تەقە و گوللەتانکی سوپای ئیسرائیلەوە بووە و، پێنجەمیان نازانرێت کێ تەقەی لێ کردووە.
 
هێزەکە هۆشداری دەدات کە دەکرێت شەڕەکە لە دەست دەربچێت. 
 
ئەندریا تێنێنتی، گوتەبێژی یونیفیڵ دەڵێ "ململانێی ئێستای نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل تەنیا ململانێی نێوان دوو وڵات نییە. ئەمە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی هەرێمی و، کاریگەریی کارەساتباری بۆ هەموو کەسێک دەبێت."
 
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزە فرەنەتەوەییەکە، وڵاتانی ئەورووپای پەست کردووە. 
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا گوتی "هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم. پێمانوایە ئەمە بە تەواوی مایەی سەرکۆنە و سەرزەنشتکردنە."
 
سوپای ئیسرائیل داوای لە یونیفیڵ کردبوو، پێگەکانی چۆڵبکات و 5 کیلۆمەتر بکشێتەوە دواوە، بەڵام هێزەکە داواکەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، شوینەکەیان چۆڵ ناکەن.