جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتی نییە

12-10-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رایدەگەیێنێت، بەهیچ شێوەیەک دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە نییە و، ‎'جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردانە. پێویستە تەواوی هەڵسوڕاوانی گۆڕان پابەندی دەستوور و جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراو بن.'
 
شەوی شەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2024، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، راگەیێندراوێکی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی نێو بزووتنەوەکە و بەتایبەت دیارییکردنی دانا ئەحمەد مەجید، وەکو رێکخەری گشتیی نوێی گۆڕان بڵاوکردەوە، جڤاتەکە رایدەگەیێنێت "بەهۆی بەردەوامبوون لە لادان و پێشێلکاری دەستووریی و یاسایی لە بەکارهێنانی ناوی بزووتنەوەی گۆڕان، بەتایبەت جڤاتی نیشتیمانی، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساختە بۆ رێکخەری گشتی، ئەم حەقیقەتە بەڵگەنەویستانە بۆ هەمووان دەخەینەڕوو."
 
لەدرێژەی راگەیێندراوەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕاندا هاتووە "هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستووری ناوخۆ روون و رەوان دیاریی کردووە. ژووری هەڵبژاردن رۆژی هەڵبژاردن دیاریی دەکات، ماوەی خۆکاندیدکردن رادەگەیێندرێ، ژووری یاسایی کاندیدەکان پەسند دەکات و لە دەنگدانی نهێنیدا بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام دەدرێت، نەک بە دەستهەڵبڕین!"
 
هەروەها جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هەر کات هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستوور و بەشێوەیەکی یاسایی ئەنجامدرا، بۆ هەموو پێگەکان زیاتر لە کاندیدێک هەیە، بەتایبەت رێکخەری گشتی.
 
دواتر جڤاتی نیشتمانی دێتە سەر پرسی دانانی رێکخەری نوێ و وەکو جێگری عومەری سەید عەلی و لە راگەیێندراوەکەیاندا دەڵێن "دانا ئەحمەد مەجید بەهیچ شێوەیەک رێکخەری گشتی نییە، چ بە وەکالەت بێت یان لە ژێر هەر ناوێکی دیکەی ناقانوونی و داتاشراودا. لە (بە ناو) کۆبوونەوەی (بە ناو) جڤاتی نیشتیمانی لە رۆژی چوارشەممە 9ـی 10ـی 2024 لە فەزاحەتێکدا باسی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیان کردووە لە رێگەی دەستهەڵبڕینەوە! لەو کۆبوونەوەدا تەنیا (11) کەسیان لە کۆی (32) ئەندامی هەڵبژێردراو لە جڤاتی نیشتیمانین."
 
دواتر جڤاتی نیشتمانی، کوڕی رێکخەری نوێی گۆڕان تۆمەتبار دەکەن بە هەڕەشەکردن و هێرشکردنە سەر هەڵسوڕاوێکی دیاری بزووتنەوەکەیان و لەو بارەیەوە دەڵێن "هەڕەشەکردن و پەلاماردانی هەڵسوڕاوی دیار و ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان (هۆشیار ئیسماعیل عەلی) ناسراو بە (هۆشیار شێرکاوەیی) لەلایەن (زانا دانا ئەحمەد مەجید)، سنووری ئەخلاق و قانوونی بەزاندووە و قبوڵکراو نییە. کردەوەیەکی قێزەونە. نامۆیە بە هەموو ئامانجەکانی بزووتنەوەی گۆڕان. ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە، دژی بنەما ئاکارییەکانی کوردبوون و گۆڕانبوونن. تەنیا نەفرەتی خەڵک و گۆڕانخوازانیان بۆ دەمێنێتەوە".
 
رۆژی 28ـی ئەیلوولی 2024، دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دانرا، ئەمەش تاوەکو ئەوکاتەی کۆنگرە دەکرێت.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە