وەزیری ئاوەدانکردنەوە: بۆ کشانەوەم لە حکومەت تەنیا پابەندی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی دەبم

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی، تەنیا پابەندی بڕیاری جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان نایاسایی و نادەستوورییە.''   
 
ئەمڕۆ (شەممە 12-10-2024) دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان کە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرتووە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە رایگەیاند، ''ئەو وەکالەتەی بەڕێز عومەر سەید عەلی بۆ بەڕێز دانا ئەحمەد مەجیدی کردووە، وەکالەتێکی نایاسایی و نادەستوورییە.''  
 
دانا عەبدولکەریم گوتی، "بەپێی یاسا و دەستووری بزووتنەوەی گۆڕان، 32 کەس وەک ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراون و مافی بڕیاردانیان هەیە، بەڵام رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن، هەڵنەبژێردراون.'' 
 
دانا ئەحمەد مەجید لە ساڵی 2021 وازهێنانی پێشکێشی بزووتنەوەکە کرد. وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد، راگەیێندراوی جڤاتی نیشتمانی بەردەستە کە وازهێنانەکەی پەسندکراوە و وەکو ئەندامی جڤاتەکە نەماوە.
 
دانا عەبدولکەریم گوتیشی، ''ئێمە لە سەرەتای هاتنەوەی کاک دانا، هەموومان هاوڕا بووین کە بۆ یەکخستنەوەی گۆڕان و بەهێزکردنی بکرێتە رێکخەری گشتی، بەڵام بەپێی رێکارە دەستووری و یاساییەکان، نەوەک بە شێوەیەکی نایاسایی و نادەستووری.''  
 
10-10-2024، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کشانەوەی حیزبەکەی لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاند.
 
بزووتنەوەی گۆڕان چوار وەزارەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستەوە بوو. دوابەدوای قسەکانی دانا ئەحمەد مەجید، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی رایانگەیاند، پابەندی بڕیارەکە دەبن و دەستلەکارکێشانەوە پێشکێش دەکەن.
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە رەتی دەکاتەوە لە حکومەت بکشێتەوە و دەڵێت، بۆ کشانەوەی تەنیا پابەندی بڕیاری جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت، گوتی، ''جڤاتی نیشتمانی هەر بڕیارێک بدات، من وەک دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و سەرۆکی تیمی وەزاریی بزووتنەوەی گۆڕان 100٪ پابەندی دەبم. بەدەر لە جڤاتی نیشتمانی، هیچ کەسێکی دیکە مافی بڕیاردانی نییە بە ناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە.''  
 
28-09-2024 بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە سازکرد.
 
بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لە پارکی ئازادی دوای ئەوە بوو، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە رۆژی 27-09-2024 دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
 
04ـی 10ـی 2024، بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەرە نوێیەکەی بارەگایەکی نوێیان لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی کردەوە و رەتیانکردەوە، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە گردی زەرگەتە.
 
دانا عەبدولکەریم گوتیشی، رۆژی 9ـی تشرینی یەکەم، کۆبوونەوەیەک بە ناوی جڤاتی نیشتمانییەوە کراوە، کە ئەو برایانەمان رێکیان خستووە و شوێنێکیان کردووە بە مەکۆیەکی دیکە بۆخۆیان؛ دوو بڕیار دراوە. "هەر دوو بڕیارەکەی ئەو رۆژە، پووچەڵن و کاریان پێ ناکرێت.''
  
دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری کشانەوە لە حکومەت دەبووایە لە کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەکە خرابووایەڕوو و گوتی، ''بەڵگە هەیە لە کۆنفرانسەکەدا یەکەم کەس بووم قسەم کرد و ئامادەییم دەربڕی بۆ کشانەوە لە حکومەت، بەڵام هەر ئەو برادەرانەی ئێستا مەکۆیەکی دیکەیان بۆخۆیان دروست کردووە، رێگر بوون.''
 
کێشەکان دوای ئەوە زەقبوونەوە کە عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی گشتی بزووتنەوەی گۆران بریکارنامەی گشتی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کرد و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسە بۆ ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەی دەکات لە دەڤەری راپەڕین

بافڵ تاڵەبانی: بەهۆی قەرەباڵخیی و بوونی گرفتی تەکنیکی نەمتوانی بەردەوامی بە قسەکانم بدەم

بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنگرانی حیزبەکەی لە دەڤەری راپەڕین دەکات و دەڵێت: بەهۆی بوونی کێشەی تەکنیکی لە بڵندگۆکانی کەرنەڤاڵەکە و دروستبوونی پاڵەپەستۆ لەنێو ئامادەبوواندا نەمانتوانی بەردەوامیی بە کەرنەڤاڵەکە بدەین.