لە دیلۆک پیاوێک، هاوژین و چوار منداڵەکەی دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ

لە دیلۆکی باکووری کوردستان پیاوێک هاوژینەکەی، سێ کچ و کوڕەکەی بە دەمانچە دەکوژێت.
 
رووداوەکە ئەمڕۆ (شەممە، 12-10-2024) لە گەڕەکی گوزەلڤادی لە شارۆچکەی شاهینبەی روویداوە. ئەحمەد دەمیر، کە "بکوژی" هاوژین و منداڵەکانیەتی، بەپێی هێزە ئەمنییەکان، دواتر بە هەمان دەمانچە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
 
لەدوای رووداوەکە ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە، سەرجەم قوربانییەکان لە شوێنی رووداوەکە و پێش گەیشتنی تیمەکان، گیانیان لەدەستدابوو. 
 
پارێزگای دیلۆک لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانمان دەرکەوتووە، کەسەکە ''بکوژەکە'' نەخۆشیی دەروونیی هەبووە و لە ساڵی رابردوو سەردانی حەوت نەخۆشخانەی کردووە.
 
بەپێی ئاماری پلاتفۆرمی ''کوشتنی ژنان دەوەستێنین'' لە ساڵی 2023، 315 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 248 ژنیش بەشێوەی گوماناوی بەمردوویی دۆزراونەتەوە.