دێسکی هەڵبژاردن
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گوتارێکدا لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەی لە شاری دهۆک رایگەیاند ئەوە تەنیا پارتییە لەگەڵ خەڵکە و تاکە لایەنیشە باسی ئاوەدانی و پێشکەوتن دەکات. مەسرور بارزانی جەختی لەوەش کردەوە، پارتی بەهیچ کەس و لایەنێک راناوەستێت.
رۆژی شەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە ئاهەنگێکی فراوانی جەماوەریی پارتی لە یاریگەی دهۆک و بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، گوتارێکی پێشکێش کرد، گوتی هەرچەندە گوتاری نێچیرڤان بارزانی، گوتاری هەموو پارتییە، بەڵام منیش دەمەوێ هەندێ قسە بکەم.
مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتی "پارتی زۆرینەیە و هەمیشەش زۆرینەی خەڵک پارتی بووە، بەڵام هەمیشە پارتی کاری لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە کردووە و دەستی ئاشتیی درێژکردووە."
مەسرور بارزانی، باسی لە بەهێزیی پێگە و سیاسەتەکانی پارتی کرد و گوتی، "پێویستە حكومڕانیی داهاتووی هەرێمی كوردستان لەدەست خەڵكێكدا بێت، كە جێی باوەڕی خەڵكی كوردستان بن، ئەزموونیان هەبێ، خۆنەچەمێنن، نەترسن، رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەکان رابوەستن، بێگومان تەنیا لایەنێك كە تائێستا لەگەڵ خەڵك ماوە و هیچ گومانێكی تێدا نییە هەتا هەتایە لەگەڵ ئێوە دەمێنێتەوە و بەرامبەر هەموو لایەنێك رادەوەستێت، پارتی دیموكراتی كوردستانە."
مەسرور بارزانی لەدرێژەی گوتارەکەیەدا، دەپرسێ و دەڵێ "ئەمڕۆ هەندێك خەڵك هەن رەنگە بەشی دوو ژەمە خواردن خەڵكیان لەگەڵدا نەبێت، داوای رووخاندنی پارتی دەكەن. باشە ئەگەر ئەوان جەماوەری پارتییان لەگەڵ بوایە و ئەوان زۆرینە بوونایە، چیان بەسەر خەڵكدا دەهێنا؟ پارتی خاوەن جەماوەرێکە بە کەس ناچەمێت و بە کەسیش راناوەستێت. ناتوانن پارتی راگرن."
هەروەها مەسرور بارزانی، هانی خەڵکی دا بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان و گوتی "چهند رۆژێكی كهم ماوه بۆ ئهوهی هاووڵاتییانی كوردستان بڕۆنه سهر سندووقهكانی دهنگدان و بڕیار له داهاتوو و چارهنووسی خۆیان بدەن."
جێگری سەرۆکی پارتی لەنێو جەماوەر و لایەنگرانی پارتی لە یاریگەی دهۆک، رایگەیاند "پارتی جیاوازیی ناکات و خاوەنی هەموو ناوچەیەکی کوردستانە. پارتی پشتی بە خەڵک ئەستوورە، بۆیە بەرامبەر بەهەموو لایەک بێمەنەتە. پارتی له ههموو ئهوانه موسڵمانتره كه باسی ئایین و موسڵمانی و دینداری دهكهن، ئیمانی پارتی ئیمانێكی راست و دروست و بێبهرژهوهندییه. پارتی دونیای بەناوی ئایین نەخواردووە. پارتی بە کەس ناوەستێت. پارتی بە حیزبی یەکەم دەمێنێتەوە."
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بەسەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت، هەزار و 191 بەربژێر خۆیان بۆ 95 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەربژێر کردووە لەگەڵ پێنج کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ