کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: 21 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون

رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، نزیکەی 21 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 12-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 21 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون و پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، 18 هەزار خێزان لە کەمپەکانی دهۆک و نزیکەی 3 هەزاری دیکەیشیان لە کەمپەکانی هەولێرن.
لە پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێکی ئاوارەکان نەماوە. لە هەولێر و دهۆک 22 کەمپی ئاوارەکان ماون کە 18یان لە دهۆک و ئەوانی دیکە لە هەولێرن.
پێنجشەممەی رابردوو 406 ئاوارە لە کەمپی دیبەگە گەڕانەوە زێدی خۆیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، گەڕانەوەی ئەو کەسانە بە هاوکاری هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی نەینەوا بووە.