کۆمیسیۆن: 26 سەرپێچی و 39 سکاڵا تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
17 رۆژە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێ "تاوەکو ئێستا 39 سکاڵا وەرگیراون."
شەممە (12-10-2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 26 سەرپێچی لەلایەن لیژنە لاوەکییەکانەوە گەیشتووەتە لیژنەی ناوەندیی کۆمیسیۆن و دوای هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریان لەسەر دەدات.
جومانە غەلای گوتیشی "تاوەکو ئێستا 39 سکاڵاش لەسەر پێشێلکاری تۆمارکراون."
کۆمیسیۆن لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی ژمارەیەک لیژنەی سەرەکی و لاوەکیی پێکهێناوە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان، هاووڵاتییان و بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن، هەروەها لیژنەکانیش لەچوارچێوەی بانگەشەدا سەرپێچیی بەربژێر و لایەنەکان تۆمار دەکەن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن روونیکردەوە "لە زۆربەی سەرپێچییەکاندا لەلایەن لیژنەکانمانەوە بەربژێران ئاگاداردەکرێنەوە تاوەکو سەرپێچییەکانیان لابەرن، بەدەنگەوەهاتن لەلایەن بەربژێرانەوە هەیە و سەرپێچییەکانیان لادەبەن، بۆیە زۆربەی جار سەرپێچییەکان نابنە سکاڵا و چارەسەر دەکرێن."
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 25-9-2024 دەستیپێکرد و رۆژی 15-10-2024 واتە دوای حەوت رۆژی دیکە کۆتایی دێت.