سیداد بارزانی لە هەڵەبجە: 20ـی 10 بە دەنگی خەڵک دەبینە خزمەتکاری هەموو کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
سیداد بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاهەنگێکی بانگەشەی پارتی لە هەڵەبجە دەڵێت: هەمووان باش دەزانن کاربەدەستانی هەڵەبجە کێن و چۆن بوونەتە بەربەست لە بەردەم ساڕێژکردنی ئازارەکانی.
ئەمڕۆ (شەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2024) سیداد بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاهەنگێکی بانگەشەی حیزبەکەی لە پارێزگای هەڵەبجە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "پشتیوان بە خوا و بە دەنگی ئێوە، لە رۆژی 20ـی 10 دەبینە خزمەتکاری خەڵکی خۆمان و هەموو کوردستان، بەتایبەتی شاری هەڵەبجە."
سیداد بارزانی گوتیشی، "هەمووتان ئەوە باش دەزانن کاربەدەستانی ئێرە کێن و چۆن بوونەتە بەربەست لە بەردەم ساڕێژکردنی ئازارەکان و برینی زیاتریان بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە دروستکردووە."
سەبارەت بە ئامانج و بەرنامەی کاری داهاتووی حیزبەکەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "سەربەرزیی و خزمەتکردنی هەڵەبجە، یەکێکە لە ئامانجەکانی پارتی و ئەوەشی بە کردەوە سەلماندووە، هەر لە سەردەمی کابینەی کاک نێچیرڤان، بە پشتیوانیی گەورەی سەرۆک بارزانی بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەرکرا، لەم دواییانەش لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆک لە پەرلەمانی فیدراڵ کار لەسەر بەپارێزگاناساندنی هەڵەبجە دەکرێت. سەرەڕای بوونی بەربەستی زۆریش لە کابینەی نۆیەم، بەڵام کاک مەسرور چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەم سنوورە کردووەتەوە."
گوتیشی "ئێمە لەگەڵ ئێوە و تەواوی خەڵکی کوردستان هەر لە گەرمیانەوە تاوەکو بادینان و بارزان، قوربانیی گەورەمان لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی داوە. بۆیە لە ئێش و ئازارەکانتان تێدەگەین. دەزانین قورسایی ستەم و جینۆساید چەندە! بۆیە هەر ئێمە دەتوانین بە زامنکردنی ئارامی و ئاوەدانی، ئازارەکان کەم بکەینەوە و بە پێکەوەییمان برینەکان ساڕێژ بکەین و بە خۆڕاگرتیمان کۆڵنەدەین تا وڵات سەردەخەین."
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو 15ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و، رۆژی 18ـی مانگ دەنگدانی تایبەت و رۆژی 20ـی مانگ دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.