بەرەی تورکمانی: دەبێت تورکمانی ببێتە زمانی فەرمی
رووداو دیجیتاڵ
بەرەی تورکمانی کارنامەی خۆی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێ کار دەکەن بۆ ئەوەی زمانی تورکمانی ببێتە زمانێکی فەرمی.
رۆژی شەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئایدن مەعرووف، سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر کارنامەی لیستەکەی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوە کرد، کار دەکەن بۆ بەهێزکردنی سیستمی خوێندنی پێکهاتەکان لە پرۆگرامی خوێندن، گوتیشی، "بەرەی تورکمانی، کار دەکات بۆ ئەوەی زمانی تورکمانی ببێتە زمانی فەرمی."
بەرەی تورکمانی تاکە حیزبی پێکهاتەکانە کە لە دەرەوەی کۆتا لە بازنەی هەولێر رکابەری دەکات بۆ بەدەستهێنانی دەنگی تورکمانەکان.
ئایدن مەعرووف ئاماژەی بەوەش کرد، کار دەکەن بۆ ئەوەی پێکهاتەکان "بەکرداری" بەشدار بن لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەزار و 191 کەس کە پێکهاتوون لە 823 پیاو و 368 ژن، خۆیان بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان بەربژێر کردووە. 38 کەسیش خۆیان بۆ پێنج کورسیی کۆتاکە بەربژێر کردووە کە 20ـیان تورکمان و 18ـیان کریستیانن.