یەکەم بەربژێری سەربەخۆ لە بازنەی هەولێر کشانەوەی خۆی راگەیاند

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکەم کەس کە لە بازنەی پارێزگای هەولێر خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەربژێرکرد؛ کشایەوە. دڵزار حەسەن بە رووداوی گوت: "لە وڵاتی ئێمە مرۆڤی سەربەخۆ ناتوانێ حیزب و هۆز تێپەڕێنێت."
 
رۆژی شەممە 12-10-2024 دڵزار حەسەن، بەربژێری سەربەخۆ لە بازنەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک گوشاری خستبێتە سەرم و بە ئارەزوومەندانە بڕیارمدا لە بەربژێریی پەرلەمانی کوردستان بکشێمەوە.
 
رۆژی 6ی ئاداری 2024، واتە سێ رۆژ دوای دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، دڵزار حەسەن خۆی بۆ پەرلەمانتاری خولی شەشەم بەربژێر کرد.
 
ئەوکات، دڵزار حەسەن بە رووداوی گوت، "دەمەوێت لەو رووحیەتە شۆڕشگێڕییە بێینە دەرەوە و نوێنەری گەل تەنیا کادری حیزبەکان نەبن،" بەڵام دوای کشانەوەی دەڵێت، "لە وڵاتی ئێمە کەسی سەربەخۆ ناتوانێ حیزب، هۆز و بنەماڵە تێپەڕێنێت، نائومێد نیم لە خەڵکی خۆم، بەڵام پێویستی بە خەباتی مەدەنی و میدیای بەهێزترە بۆ ئەوەی زیاتر مەدەنی بێت و دەنگ بە سەربەخۆ و تاک بدات نەک حیزب، هۆز و بنەماڵە."
 
جومانە غەلای، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژادنەکان بە رووداوی گوت، "لەدواى پەسندکردنى ناوەکانیان، بەربژێران ناتوانن بکشێنەوە، بەڵام ئەگەر بەربژێرێک بڕیاریدابێت بکشێتەوە، دیارە کە بانگەشە ناکات و پێناچێت دەنگێک بەدەستبهێنێت کە سوودى لێ ببینێت."
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژادنەکان گوتیشی، "ئەگەر بەربژێرێکى سەربەخۆ دەنگى پێویست بەدەستبهێنێت و گریمان ئەنجوومەنى کۆمیسیاران رەزامەند بوو لەسەر کشانەوەکەى؛ دەنگەکانى بلۆک دەکرێت، بەڵام ئەگەر بەربژێرى سەربەخۆ نەبێت، دەنگەکەى دەچێت بۆ ئەو پارت و هاوپەیمانێتییەى کە خۆى تێدا بەربژێرکردووە."
 
دڵزار حەسەن دەڵێت، "هەر کارێک لە ئەنجامەکەی دڵنیا نەبی، باشترە بکشێیتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە