سەرۆکی لیستی گۆڕان لە هەولێر: داهاتوومان ناڕوونە بەڵام ناکشێینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری کشانەوەی تیمەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دا، بەڵام بەردەوامن لە بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرۆکی لیستی بازنەی هەولێریان دەڵێت، "بڕیارەکە تەنیا بۆ تیمی حکومەتە و ئێمەش سەرمان لێ شێواوە و داهاتوومان روون نییە."
 
هێمن شێخانی، سەرۆکی لیستی بازنەی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای کشانەوەی تیمی حکومەت، بەربژێرەکان سەریان لێ شێواوە و داهاتوومان روون نییە، بەڵام بڕیاری ئێمە تائێستا بەردەوامییە بۆ چوونە پەرلەمان."
 
رۆژی 10-10-2024 دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کشانەوەی حیزبەکەی لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاند.
 
هێمن شێخانی دەڵێت، "ئەوانەی لە گردی زەرگەتە (مەکۆی پێشووی سەرەکیی گۆڕان) ماونەتەوە زۆرینەن، بەڵام ئەوانەی بەرەیەکی دیکەیان دروستکردووە، زۆربەیان بەرپرسیارێتییان هەیە، سەرەڕای ئەوەش، هیچ داوایەک بۆ کشانەوەی بەربژێرەکان نەکراوە."
 
سەرۆکی لیستی بازنەی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر ئێمەی بەربژێرانی گۆڕان بگەینە پەرلەمان، بە رووحییەتی ساڵی 2009 تێهەڵدەچینەوە و دەبینە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا."