لە دێرسم بەرپرسێکی یەسەپە و حەوت کەسی دیکە لە گردبوونەوەیەکدا دەستگیر کران

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، پۆلیس رێگەی نەدا پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی سەبارەت بە هێرشەکانی سەر رۆژئاڤای کوردستان و فەلەستین کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بکات و هەشت کەسیان دەستبەسەرکرد. 
 
ئەندامانی پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی دێرسم ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2023، بە بەشداریی ئایتەن کوردۆ، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز - یەسەپە، لە بازنەی دێرسم لە شەقامی هونەر بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان و فەلەستین گردبوونەوە. 
 
پۆلیسی دێرسم بە پاساوی ئەوەی بە بڕیاری پارێزگای دێرسم هەموو جۆرە رێپێوان و گردبوونەوە و چالاکیەک قەدەخە کراوە، گەمارۆی خۆپێشاندەرانیان دا و لە نێوان خەڵک و پۆلیسدا دەمەقاڵە دروست بوو. 
 
تیمەکانی پۆلیس هەشت کەسیان دەستبەسەرکرد. هەر یەک لە فەرهاد یڵدز هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە ـی دێرسم و ئەرگون تەکی سەرۆکی پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی لە دێرسم لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندان و گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش.
 
بەبڕیاری پارێزگای دێرسم، لە کاژێر 00:01ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکو کاژێر 23:59 ـی 15ـی تشرینی یەکەم بۆ ماوەی چوار رۆژ لە ناوەندی شار و شارۆچکەکانی دێرسم هەموو جۆرە گردبوونه‌وه‌، خۆپیشاندان، رێپێوان و مانگرتن، هه‌ڵدانی چادر و چالاكییەکی دیکە قه‌ده‌خە کراوە.