دەستەی گەشتوگوزار: سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان پابەندکراون بە بەکارهێنانی زمانی کوردی

12-10-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن گەشتوگوزار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مۆڵەتی هیچ شوێنێکی گەشتیاری بەهۆی بەکارنەهێنانی زمانی کوردی رانەگیراوە." دەشڵێت، "گەشتوگوزار لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان دیزاینی 70 پڕۆژەی نوێیان ئامادەکردووە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-10-2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،"فەرمانێکمان دەرکرد و تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان پابەندکران بەوەی زمانی کوردی وەکو زمانی یەکەم و سەرەکی لە تابلۆ، ناوی شوێنەکان و لیستی خزمەتگوزارییەکان بەکاربهێنن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە زمانی دیکە قەدەخە بکەین، بە پێچەوانەوە بە گوێرەی ئەوەی شوێنەکان شوێنی گەشتیارین، نەریت و کەلتووری هەموو گەشتیاران پارێزراون لای ئێمە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ئەو فەرمانەی دەستەکەیان چووەتە قۆناخی جێبەجێکردن، "ئێستا هەر شوێنێک کە دێت مۆڵەت نوێ دەکاتەوە یان مۆڵەت دەردەهێنێت، دەبێت لیستی خزمەتگوزارییەکەی لەگەڵ خۆی بهێنێت، هاوکات لیژنەیەکی دەستەکە دەچێتە سەردانی شوێنەکە دەکات ئەگەر زمانی کوردی پەیڕەو کرابوو ئەوەکات پێی دەدرێت بە پێچەوانەوە مۆڵەتی بۆ نوێ ناکرێتەوە."
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، "ئەو شوێنە گەشتیارییانەش کە پێشتر مۆڵەتیان وەرگرتووە و لیژنەکانمان سەردانی کردوون و هیچ شوێنێک نەبووە کە پابەند نەبووبێت بە فەرمانەکە، هەموویان زمانی کوردی زمانی یەکەم و سەرەکییان بووە، بۆیە مۆڵەتی هیچ شوێنێک هەڵنەوەشاوەتەوە."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات، لەکاتی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان ئەگەر هەر شوێنێک پابەندی زمانی کوردی نەبوو ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بکەنەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن. 
 
"پلانی هەشت ساڵەمان بۆ کەرتی گەشتوگوزار داناوە"
 
لەبارەی گرنگیدان بە شوێنە گەشتیارییەکان و فراوانکردنیان، ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، "هەندێک شوێن هەن. بەتایبەتی دوورە دەستەکان ئەوانەی دەرەوەی شارەکان لە رووی شوێنی مانەوە کێشەیان هەیە، بە نموونە لە راپەرین، زاخۆ و هەڵەبجە کێشەی شوێنی مانەوەمان هەیە چونکە هوتێل و موتێلی لێ نییە، بۆ چارەسەرکردنی ئەوە پلانێکی هەشت ساڵەمان هەیە کە تەوەرێکی تایبەتە بە پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچە گەشتیارییەکان."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، "لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان نزیکەی 70 پڕۆژەمان لە رووی دیزاینەوە تەواوکردووە کە پڕۆژەی نوێن و ستراتیژی گەشتیارین لە هەرێمی کوردستان کە لە چاوەڕوانی وەبەرهێنەردان بۆ ئەوەی وەریبگرن ئیدی چی وەبەرهێنەری بیانی بێت یان نێوخۆیی کە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەگوێرەی پێویستی شوێنەکان دانراون بە نموونە لە ئاکرێ کێشەی شوێنی مانەوەمان هەیە بۆیە لەوێی کار لەسەر ئەو کێشەیە کراوە و پڕۆژەی نوێ تێدا کراوە."
 
سەبارەت بە گلەیی شوێنە گەشتیارییەکان لەبارەی باج و رسوومات کە بەگوێرەی شوێنەکان دەگۆڕێت، ئیبراهیم مەجید دەڵێت، "ئاگادارین و وەکو دەستەی گەشتوگوزار سەرقاڵی رێكخستنەوەی پێدانی باج و رسوماتین، کە یەکێک لە گلەییاکانی هوتێلە چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەکان باج وەرگرتیان بوو لەسەر فرۆشتنیان کە 10٪ـبوو، ئەوەش هەوڵدەدەین رێکی بخەینەوە بەجۆرێک دادوەری بەدی بهێنین و کەرتی تایبەت پێ رازی بێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە