ئەڵمانیا چالاکییەکانی حەماس قەدەخە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئەڵمانیا راگەیاند، هەموو چالاکییەکانی حەماس قەدەخە دەکرێن و "ئەو کەسەی لە ئەڵمانیا دڵخۆشی بە تاوانەکانی حەماس دەردەبرێت یاخود دروشمەکانی بەکاربێنێت، سزا دەدرێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە گوتارێکدا لەنێو پەرلەمانی وڵاتەکەی لەبارەی هەڵوێستی ئەڵمانیا لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، رایگەیاند، "ئێمە بەڕوونی دەڵێین، ئیسرائیل بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی ئەوەی هەیە خۆی و هاووڵاتییەکانی بەرامبەر ئەم هێرشە بەربەرییە بپارێزێت."
 
هەروەها وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ کە لە برۆکسل بەڕێوەچوو، رایگەیاند، "ئیسرائیل داوای هاوکاریی لە ئەڵمانیا کردووە و ئێمەش دوو درۆنی جۆری هیرۆن دەخەینە بەردەستیان، هەروەها هێلەگی خۆپارێزی و پێداویستیی تەندروستییان پێدەدەین."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا لە گوتارەکەیدا گوتی، "هاوسۆزییەکەی ئێمە تەنیا قسە نابێت، من بە سەرۆکوەزیران نەتەنیاهووم گوتووە، لە پەیوەندییەکی چڕدا دەبین و بۆ هەر پێداویستییەکیش ئاگادارمان بکاتەوە، بۆ نموونە دەکرێت ئەمە بۆ چارەسەری بریندارەکان بێت، بەڵام ئیسرائیل پێویستی بە هەر شتێکی دیکە بێت، ئێمە یەکسەر دەینرخێنین و دەیخەینە بەردەستیان."
 
ئولاف شۆڵتز: ئێران رووی راستەقینەی خۆی دەردەخات
 
دەربارەی توانای ئەنجامدانی ئەم هێرشە فراوانەی حەماس لە نێو ئیسرائیلدا، راوێژکاری ئەڵمانیا رووی قسەکانی ئاراستەی ئێران دەکات و دەڵێت، "تائێستا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراومان نییە کە ئێران ئەم هێرشە ترسنۆکانەی بە کۆنکرێتی و لە جێبەجێکردنیدا پشتگیری لە حەماس کردبێت، بەڵام بۆ هەموومان روونە بەبێ پشتگیریی ئێران لە ساڵانی رابردوودا، حەماس توانای ئەنجامدانی ئەم هێرشە بێوێنەیەی لەنێو خاکی ئیسرائیلدا نەدەبوو. لێدوانەکانی دەربڕینی خۆشحاڵی سەرانی رژێمی ئێران و نوێنەری هەندێک لە حکومەتەکانی ناوچەکە قێزەونن. سەرکردایەتییەکەی تاران بەبێ شەرمانە رووی راستەقینەی خۆی دەردەخات، بەمەش رۆڵی خۆی لە غەززە دەسەلمێنێت."
 
لەبارەی حیزبوڵڵای لوبنانیش گوتی، "چاوەکانمان لە ناوچەکە لەسەر باشووری لوبنانن؛ هاوشێوەی حەماس، حیزبوڵڵاش هاوپەیمانێکی نزیکی ئێرانە و ئەویش مافی بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل دەخاتە ژێر پرسیارەوە. نابێت حیزبوڵڵا دەستبخاتە نێو رووبەڕووبوونەوەکانەوە."
 
شۆڵتز دەڵێت، "پەیامی ئێمە روونە، هێرشکردنە سەر ئیسرائیل هیچ لێبووردنێکی بۆ نییە."
 
راگرتنی هاوکاری نوێ بۆ فەلەستین
 
راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "ئەڵمانیا پرۆژەکانی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە و دەستەڵاتی فەلەستین دووبارە هەلدەسەنگێنێت و هیچ پارەیەکیش بۆ پڕۆژە و هاوکاریی تازە تەرخان ناکات، "دەرئەنجامەکانی ئەم ناکۆکییە کاریگەریی لەسەر هاوئاهەنگیی ئێمەش لەگەڵ فەلەستینییەکان هەیە. من پرسیار لە خۆم دەکەم بۆ سەرۆکۆنەکردنی روونی کردە تیرۆرستییەکە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی و سەرۆکەکەیان، مەحموود عەباس لە کوێیە؟ من دەڵێم: بێدەنگیی ئێوە جێگای شەرمە. ئێمە هەموو هاوئاهەنگی لە بوارەکانی پەرەپێدان [هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ فەلەستین] دەخەینە ژێر هەڵسەنگاندنەوە. پێوەری ئێمە ئەوەیە؛ کە پرۆژەکانمان چۆن پشتگیری لە ئاشتیی ناوچەکە دەکەن و بە باشترین شێوە خزمەتی ئاسایشی ئیسرائیل بکەن".  شۆلتز هەروەها گوتی، "تاوەکو ئەم هەڵسەنگاندنە تەواو دەبێت، هیچ پارەیەکی دیکە بۆ پرۆژەی نوێ تەرخان ناکەین. حەماس بەپێی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی فەلەستین هەڵسوکەوت ناکات."
 
حەماس و گرووپی سامیدوون قەدەخە دەکرێن
 
راوێژکاری ئەڵمانیا لە درێژەی گوتارەکەیدا راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتەکەی لە نزیکترین کاتدا "هەموو چالاکییەکی حەماس قەدەخە دەکات، لە رۆژانی رابردوو بە هەزاران هاووڵاتی لە شارەکانی ئەڵمانیا بە تەواوی واتای وشە ئاڵای ئیسرائیلیان بەرزکردەوە، ئاڵای سپی و شین لەگەڵ ئەستێرەی دەیڤید لە دەروازەی براندنبۆرگەوە پەیامی هاوسۆزی، دۆستایەتی و پێکەوەبوونیان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ جیهان نارد، بەڵام لە کۆتایی هەفتەی رابردوو وێنەی دیکە و شەرمنانەش هەبوون. وێنەی ژن و پیاوەکان لە سەر شەقامەکانی ئێمە خۆشی بۆ تیرۆری حەماس دەردەبڕن، رق و کینەی خۆیان بۆ ئیسرائیل و هاووڵاتییە جووەکانمان دەردەخەن، ئەمە قێزەونە، ئەمە بێرێزیکردنە بە مرۆڤ."
 
شۆڵتز گوتی: "ئەو کەسەی لە ئەڵمانیا دڵخۆشی بە تاوانەکانی حەماس دەردەبرێت یاخود دروشمەکانی بەکاربێنێت، سزا دەدرێت. ئەوەی ئاڵای ئیسرائیل بسووتێنێت یان پشتگیری لە رێکخراوی حەماسی تیرۆرست بکات، سزا دەدرێت. هەر کەسێک ئەمە بکات، دامەزراوەکانی  فیدراڵی و هەرێمەکان بەپێی یاسا کارپێکراوەکانمان لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکەن. وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی چالاکییەکانی حەماس و گرووپی سامیدوون قەدەخە دەکات."