گوتەبێژی یەکێتی: لەم رۆژانەدا لەگەڵ پارتی کۆدەبینەوە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەیاندا ''زۆر نایاب'' بووە و ئاماژە بەوەش دەکات، "لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی دەستپێدەکەنەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-10-2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە لە بووڵتەنی نیوڕۆژدا  کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، پەخشکرا، رایگەیاند، "دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی یەکێتی، سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هەنگاوی یەکەمیان دەبێت و لەم رۆژانەدا، یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنەکان لە پارتییەوە دەستپێدەکات.''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوە کرد، "کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کورستان دەستپێدەکرێن، چونکە پارتی و یەکێتی دوو حیزبی گرنگی هەرێمی کوردستانن، بۆیە دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین تواناکانمان بەفیڕۆ نەدەین و لەپێناو خۆشکردنی گوزارەنی خەڵکی کوردستان، ئەمن و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنین.''
 
رۆژی 27-09-2023، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بە بەشداریی 600 ئەندام دەستیپێکرد و پێنج رۆژی خایاند، گوتەبێژی ئەو حیزبە دەڵێت، ''سەرجەم گوتارەکانی دەستپێکی کۆنگرە لە دەوری یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکانی ناوماڵی کورد بوو، هەروەها باس لەوە کرا، کورد رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ بەغدا بکات و کۆتایی بە ناسەقامگیرییەکان لە عێراق بهێنن.''
 
چەندین سەرکردە و ئەندامی دیاری حیزبەکە لەم کۆنگرەیەدا بەشدار نەبوون و هەندێکیان دەستبەرداری کاری حیزبی بوون، دیارترینیان مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان، سەعدی ئەحمەد پیرە لەوبارەوە گوتی، "سەردانی ئەو کەسانە دەکەین کە بە هەر هۆکارێک لە کۆنگرەدا بەشدار نەبوون و ئەنجامی کۆنگرەیان پێ رادەگەیێنین، ئەگەر بمانەوێت لە داهاتوودا لەو هەڵبژاردنانەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی عێراق  کاریگەرییەکی زیاترمان هەبێت، دەبێ ناوماڵی خۆمان یەکبخەینەوە.''

 

 
لە کۆنگرەدا لیستێکی داخراو بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی خرایەڕوو و ئەوەش رەخنەی زۆری لێکەوتەوە، بەگوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، هیچ پاشەکشەیەک لە دیموکراسی لە کۆنگرەی پێنجەمدا نابینرێت، ''چونکە [ئەو سیستەمەی ئێستا] بە زۆر نەسەپێندراوە، بەڵکو لە کۆنگرە خراوەتەڕوو، گەنگەشەی بۆ کراوە و دەنگمان پێداوە.''
 
'' گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر نایاب بوو''
 
لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی لە ئەندامانی یەکێتی کرد و گوتی، "بەوپەڕی رێز و شکۆوە لەم رۆژەدا خوالێشخۆشبوو مام جەلال بەبیردێنینەوە و گیانی شاد و ئاسوودە بێت."

 

 
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵێکی دیار و سەرەکی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا هەبووە و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دوو هێزی سەرەکیی دامەزرێنەری ئەزموون و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بوون و رایگەیاند، "ئێستاش یەكێتی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش یەکێکە لە هێزە کاریگەرەکان."
 
وەک گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی پێدا، ''گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر نایاب بوو و بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، گۆڕینی هەڵوێستی پارتی [بەرامبەر یەکێتی]، پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و بۆ وڵاتانی هەرێمیش پەیامێکی باشی تێدا بوو.'' 
 
 
''لەگەڵ پارتی پەیوەندییەکی باشمان هەیە''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا لەگەڵ پارتی پەیوەندییەکی باشیان هەیە، بەڵام ''هەروا نیگەرانییەکانمان لە پارتی ماوە.''

 

 
گوتەبێژی یەکێتی زیاتر روونیدەکاتەوە و باس لە هەڵوێستی بەرپرسانی پارتی لە کەرکووک دەکات کە ئامادە نین لەگەڵ یەکێتی بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بن و دەڵێت، ''ئەگەر لە کەرکووک و موسڵ بە یەک لیست بەشداربین، بێگومان لە هەردوو پارێزگا 50+1ـی کورسییەکان بەدەستدەهێنین و دەتوانین پارێزگار دیاری بکەین.''
 
رۆژی سێشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2023، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق گوتی، "ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک بکەین، جگە لە خیانەتکارانی 16ـی ئۆکتۆبەر."
 
بڕیارە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، کورد بە سێ هاوپەیمانێتی و دوو لیستی جیا بەشداری دەکات، عەرەب بە پێنج هاوپەیمانێتی و سێ لیستی جیا بەشدار دەبن و نۆ حزبی تورکمانیش بە یەک هاوپەیمانێتی بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن.
 
''بە هەر جۆرە پێکەوە کارکردنێک کە داهاتووی ئەم هەرێمە دابین بکات رازین''
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری کە 10 و 11ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچوو لە پانێڵێکدا رایگەیاند، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای مام جەلال بە قۆناخێکی [راگوزەردا] تێپەڕی، ئێستا هەست دەکەین سەقامگیریی زیاتر لە نێو یەکێتی دروستبووە، بەتایبەت دوای ئەم کۆنگرەیە [کۆنگرەی پێنجەم]." باسی لەوەش کرد، "ئێستا پێویستمان بە رێکكەوتن و تێگەیشتنی سەر لەنوێ هەیە لەگەڵ یەكێتی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات."
 
سەعدی ئەحمەد پیرە لەوبارەوە گوتی، ''ئێمەش بە پێویستی دەزانین رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان یەکێتی و پارتی هەبێت، یان رێککەوتنە کۆنەکانی نێوانیان دەوڵەمەندتر بکرێن.''
 
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''هەر جۆرێک لە پێکەوە کارکردن [لەگەڵ پارتی] داهاتووی هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئێمە پێی رازین.''