گوتەبێژی یەکەی 70: فەرماندەیەکی پێشمەرگە خۆی کوشت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ پێنجشەممە فەرماندەیەکی پێشمەرگەی هێزەکانی یەکەی 70ی یەکێتی گیانی لەدەستدا و گوتەبێژی یەکەکەش دەڵێت "خۆی کوشتووە".
 
پێنجشەممە 12-10-2023 ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەکانی یەکەی 70ی پێشمەرگە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بورهان زەنگەنە، فەرماندەی یەکەی 734ی هێزەکانی 70ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەمانچە خۆی کوشت."
 
باسی لەوەشکرد، "پاش تەواوبوونی دەوامی فەرمی، هەر لە نێو بینای یەکە سەربازییەکەی خۆیدا ئەو کارەی کردووە و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە".
 
ئاماژەی بەوەشدا، لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
 
موقەدەم بورهان زەنگەنە، تەمەنی نزیکەی 50 ساڵە و خەڵکی سنووری داقووقە، بڕیارە تەرمەکەی ببرێتەوە بۆ داقوق و لەوێ بەخاک بسپێردرێت.