رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامی وەرگرتنی قوتابییانی 12ی ئامادەیی راگەیاند و دەڵێ، "100٪ی هەموو ئەو قوتابییانەمان وەرگرتووە کە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و نزیکەی 22 هەزار کورسیش بە بەتاڵی ماوەتەوە کە لەو کورسیانە 12 هەزاریان خۆڕاییە."
ئەمساڵ 36 هەزار و 980 دەرچووی 12 ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان هەبووە کە لەو ژمارەیە 25 هەزار و 976 قوتابی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە و هەموویان وەرگیراون.
قوتابییانی دەرچووی 12ی ئامادەیی، ئەوانەی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە دەتوانن لەڕێگەی ئەم لینکەوە (www.regayzanko.com) ئەنجامەکان وەربگرنەوە و بزانن کە لە کام زانکۆ یان پەیمانگەی هەرێمی کوردستان ناویان هاتووەتەوە.
دەرفەتی یەکسان بۆ قوتابییان
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ بە هەموو توانامانەوە هەوڵمانداوە چارەنووسی یەک بە یەکی ئەو قوتابییانەی لە زانکۆلاین داوایان پێشکێش کردووە، مسۆگەر بکەین. لەبەر ئەوەی بڕوامان وایە دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو رۆڵەکانی وڵاتمان بڕەخسێنین."
د. ئارام محەمەد گوتی: "هەرچەند ئەمساڵ ژمارەی دەرچووان لەچاو ساڵانی رابردوو کەمتربوو، بەڵام ئێمە نەک پلانمان کەم نەکردەوە، بەڵکو لە زۆر لە بەشەکانی دیکەش پلانمان زیادکردووە و لەو چوارچێوەیەدا 63 هەزار و 219 کورسیی خوێندنمان بۆ ئەمساڵ تەرخانکردووە. ئەو رێژەیە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو شەش هەزار و 145 کورسی زیاترە."
100٪ی قوتابییان وەرگیراون
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێ: "وەک بەڵێنمان دابوو ئەمساڵ 100٪ی دەرچووانی قۆناخی 12ی ئامادەیی کە لەڕێگەی زانکۆلاینەوە داوایان پێشکێشکردووە هەر هەموویان وەرگیراون، تەنیا 368 پێشکێشکار نەبێت کە بەهۆی هەڵە پڕکردنەوەی فۆڕمەکانیان کێشەیان بۆ دروستبووە."
د. ئارام محەممەد رایدەگەیێنێت: "ئەو قوتابییانەش کە فۆڕمەکانیان بە هەڵە پڕکردووەتەوە دەتوانن لەڕێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمی سکاڵاوە هەوڵ بدەن، بە دڵنیاییەوە جێگەکانیان پارێزراوە و بەگوێرەی کۆنمرەکانیان لە شوێنی شایستەی خۆیان جێگەیان بۆ دابیندەکەین."
نزیکەی 22 هەزار کورسی بەتاڵ ماوەتەوە
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی: "لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی وەرگرتن، ئێستادا 21 هەزار و 966 کورسی بە بەتاڵی ماوەتەوە و لەو کورسیانەش زیاتر لە 14 هەزار کورسی بەخۆڕایین، بۆ ئەوەی کەس بە ناچاری نەڕوات لە خوێندنی ئەهلی و پارالێڵ بخوێنێت. دەرفەتی خوێندنی خۆڕایی ئێستا زۆر لەبارترە لەچاو ساڵانی رابردوو."
د. ئارام محەممەد دەشڵی: "ئەولەویەت لە وەرگرتنی قوتابییان بۆ دەرچووانی خوێندنی ئەمساڵ بووە، لەگەڵ ئەوەش هەندێک کەس ساڵی رابردوو بە هەر هۆکارێک فۆڕمیان پڕنەکردووەتەوە، ئەمساڵ هەموو ئەوانیشمان هەم لە خوێندنی خۆڕایی و هەم پارالێڵ وەرگرتوون کە لە رێگەی زانکۆلاینەوە فۆڕمیان پڕکردبوویەوە."
وەزیری خوێندنی باڵا، سیستمی زانکۆلاینی بە سیستمێکی "بێگەرد" وەسفکرد و ئاماژەیدا: "سیستمی زانکۆلاین سیستمێکی یەکجار تەندروستە و هیچ جۆرە دەستوەردانێکی تێدا ناکرێت. بەرپرسیارێتی ئەو قسەیەشم هەڵدەگرم."
ئاماری دەرچووان
کۆی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان 36 هەزار و 680 کەس بووە، لەو ژمارەیە 25 هەزار و 972 کەسیان دەرچووی بەشی زانستین و 12 هەزار و 708 دەرچووی بەشی وێژەیی بوون. وەزارەتی خوێندنی باڵا 63 هەزار و 219 کورسی بۆ ئەمساڵ تەرخانکردووە.
ئەمساڵ بەکۆی گشتی 44 هەزار و 408 قوتابی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون. لەو ژمارەیە 27 هەزار و 728 دەرچووی ساڵی 2022ن، هاوکات نۆ هەزار و 352 دەرچووی ساڵی 2021 وەرگیراون و حەوت هەزار و 326 کەسیش دەرچووی ساڵانی رابردوو بوون و ئەمساڵ لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون.
بەکۆی گشتی، لەو 44 هەزار و 408 کەسەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، 41 هەزار و 253 کەس وەرگیراوە کە 27 هەزار و 360 کەسیان دەرچووی ساڵی 2022ن.
368 قوتابی فۆڕمیان بە هەڵە پڕکردووەتەوە، ئەو قوتابییانە لەمڕۆوە دەرگای سکاڵاکردنیان بۆ واڵایە تا رۆژی 23-10-2022.
بە پشتبەستن بەو ئامارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە، ئەمساڵ 36 هەزار و 680 دەرچووی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان هەبوون و لەو ژمارەیە تەنیا 27 هەزار و 728 کەسیان فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، سەرباری ئەوەی هێشتا نزیکەی 20 هەزار کورسی بەتاڵ ماوەتەوە و پێشوەختەش وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڵێنی وەرگرتنی هەموو قوتابییانی دابوو، بەڵام هەشت هەزار و 952 دەرچووی 12ی ئامادەیی فۆڕمیان پێشکێش نەکردووە و نەیانویستووە درێژە بە خوێندن بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ